دوو برا لە پڕۆژەیەکی ئاودا خنکان

ئەمڕۆ شەممە، سەرچاوەیەکی ئەمنی لە نەینەوا بڵاویکردەوە، لە کاتی مەلەکردندا دوو برای گەنج لە رووبارێکی پارێزگای نەینەوا خنکاون. ئەو سەرچاوەیە بە ئاژانسی (شەفەق نیوز)ی راگەیاندووە کە ئەو دوو برایە شوانن، یەکێکیان ویستویەتی لە ئاوی پرۆژەی ئاودێری باکووری ئەلجەزیرە لە ناحیەی رەبیعە لە رۆژئاوای پارێزگاکە مەلە بکات و خنکاوە، بۆیە براکەی بەپەلە بۆ رزگارکردنی رۆیشتووە، بەڵام ئەویش لەگەڵیدا خنکا. ئاماژە بەوەش دراوە کە ئەو دوو قوربانییە، یەکێکیان تەمەنی 22 ساڵە و ئەوی دیکەیان تەمەنی 20 ساڵە، ژمارەیەک لە خەڵکی ناوچەکەش بۆ گەڕان بەدوای تەرمەکانیاندا چوونەتە خوارەوە بۆ ئاوی ڕووبارەکە و تەرمەکانیان دۆزیوەتەوە. لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما هەموو ساڵێک منداڵان و گەنجان بۆ ڕزگاربوون لە گەرما پەنا بۆ ئاوی ڕووبارەکان دەبەن و بەوهۆیەوەش رووداوی مردن بە خنکان لە زیادبووندایە.