کەرکووک.. بەشێک لە شۆفێرانی كورد لە وەرگرتنی کارتی ئەلكترۆنیی وەرگرتنی بەنزین بێبەش كراون

ماوەی چەند ڕۆژێكە كۆبۆنی بەنزین بە شێوازە كۆنەكەی كاری پێ ناكرێت و لەجیاتی ئەوەش كارتی ئەلكترۆنی بۆ وەرگرتنی بەنزین بۆ شۆفێرانی كەركووك دروست دەكرێت، بەڵام لایەنە پەیوەندیدارەكانی كەركووك بۆ وەرگرتنەوەی كارتی ئەلكترۆنی وەرگرتنی بەنزین، شۆفێرانیان ماندوو کردووە. بەپێی زانیارییەکانی (باسنیوز)، لایەنە پەیوەندیدارەكانی كەركووك بە شۆفێرانی شارەكەیان ڕاگەیاندووە، ئەگەر كارتی ئەلكترۆنیی وەرگرتنی بەنزین دەر بكەن، دەبێت ئۆتۆمبێلەكە بە ناوی ئەو كەسەوە بێت كە دەیەوێت كارەتەكەی بۆ دەربكرێت و كارتی زانیاری و فۆرمی خۆراكیشی لە كەركووك بێت، ئینجا دوای پێشكەشكردنی مامەڵەكەی هەر جارە و لە وێستگەیەك كارتەكان دابەش دەكەن و جاری وا هەبووە شۆفێر دوو ڕۆژ لەسەر یەك لە نۆرەدا بووە تا توانیویەتی كارتەكەی وەربگرێتەوە. هاوكار مەندیل، شۆفێرێكی دانیشتووی ناحیەی قەرەهەنجیری سەر بە پارێزگای كەركووكە، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: بەشێكی بەرچاو لە شۆفێرانی كورد ناتوانن ئەو كارتە ئەلكترۆنییە بۆ وەرگرتنی بەنزین دەربكەن. ئەو شۆفێرە هۆكارەكەی ئاشكرا كرد و گوتی: چونكە بەپێی داواكاری بۆ وەرگرتنەوەی ئەو كارتانە دەبێت ئەو شۆفێرە ناسنانامەی باری كەسی و كارتی زانیاری و فۆرمی خۆراكیشی لە كەركووك بێت، خۆم یەكێكم لەو كەسانەی كە ناسنامەی باری كەسی و كارتی زانیاریم سنووری كەركووكە، بەڵام فۆرمی خۆراكمان چەمچەماڵە، بۆیە بۆمان دەرناكرێت و خەڵكی لەو چەشنەش زۆرن.