سەرمایەدارێک: دڵخۆشبوون بە بڕیارەکانی دەسەڵاتدارانی عێراق دژی كوردستان، خیانەت و رووڕەشییە

سەرمایەدارێكی کوردستان لەبارەی بە بڕیارەكانی چەند دامەزراوەیەكی عێراق دژی هەرێمی كوردستان و دڵخۆشبوونی كەسانێك بەو بڕیارانەی دژ بە خەڵك و حكوومەتەكەی دراون، بە رووڕەشی و شەرمەزاری ناو دەبا و دەشڵێ: ”ئەم دڵخۆشبوونە، جۆرێکی دیكەی خیانەتە دژی کوردستان.“ هێرش تەیار، سەرمایەدارێكی شاری هەولێرە و لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی، لەگەڵ بڵاوکردنەوەی وتەیەکی مەسرور بارزانی کە باسی ئەو هەندە کەسانەی کردبوو کە گوایە بە بڕیاری دادگای نادەستووریی فیدراڵی دڵخۆش بوون، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاو کردووەتەوە و لەگەڵیدا نووسیویەتی: “دوور لە ئینتیمای سیاسی، لە ڕوانگەیەکی کوردستانییەوە دەڵێم، دڵخۆشیی هەندێ تاکی کورد بە هەر بڕیارێکی دەسەڵاتی ناوەندیی عێراق كە دژی هەرێمی کوردستان و حکوومەتەکەی دەریدەكەن، جێگای شەرمەزاری و ڕووڕەشییە.“ دەشنووسێت: ”ئەم دڵخۆشبوونە جۆرێکی دیكەی خیانەتە دژی کوردستان.“ دوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق لە ١٠ی تشرینی یەكەمی ساڵی ٢٠٢١، دەسەڵاتداران لە بەغدا، چەندان بڕیاری نادەستووری و نایاساییان دژ بە هەرێمی كوردستان دەركردووە كە چاودێران پێیان وایە، ئەو بڕیارانە لەژێر فشاری لایەنی دەرەكی و بە ئامانجی سیاسی دەركراون و هەندێك لایەنیش لە هەرێمی كوردستان، بۆ شاردنەوەی گرفتەكانی خۆیان و پەردەپۆشكردنی دۆڕانیان لە هەڵبژاردنەكە و بۆ قەرەبووكردنەوەی شكستەكانیان، دڵخۆشیی خۆیان بەو بڕیارانەی دژی خەڵكی هەرێمی كوردستان دەردەبڕن.