بۆ پشتگیریكردنی وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرەنگاربوونەوەی لەناكاوی كۆلێرا، ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی بارێكی بەپەلەی دەرمان و پێداویستیی پزیشكیی ڕەوانەی پارێزگای سلێمانی لە هەرێمی كوردستان كرد. بارەكە پێك هاتبوو لە چوار پالێتی دەرمان و پێداویستیی پزیشكی، لەوانە كیتی ناو خوێنبەر، دژە زیندەیی و شلەی ناو خوێنبەر (گیراوەی ڕینگەر) بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانی نزیكەی پێنج هەزار كەس بۆ ماوەی سێ مانگ. لە كاتی گەیاندنی بارەكەدا دكتۆر سامان بەرزەنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی كوردستان ئامادە بوو و نیگەرانیی خۆی دەربڕی لە زیادبوونی لەناكاوی حاڵەتەكانی سكچوونی توند لە سلێمانی و چەند پارێزگایەكی دیكەی عێراق. وەزیری تەندروستی ئەوەیشی خستە ڕوو: “بە پشكنینی تاقیگەیی 13 حاڵەتی تووشبوون بە كۆلێرا پشتڕاست كرایەوە كە 10 حاڵەتیان لە سلێمانین. ئێمە لە نزیكەوە بەدواداچوون بۆ دۆخەكە دەكەین، هەروەها چالاكییەكانی چاودێری و ئامادەكاری و وەڵامدانەوەمان فراوانتر كردووە، هیوادارین لە چەند هەفتەی داهاتوودا بتوانین كۆنترۆڵی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا بكەین، بە هاوكاریی نزیك لەگەڵ ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی و هاوبەشەكانی دیكە”. د .ئەحمەد زویتن، نوێنەری ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانییش دەڵێت: ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی پابەندە بە پاڵپشتیكردنی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە هەردوو شاری بەغدا و كوردستان بۆ ئامادەكاری و وەڵامدانەوەی ئەم پەتایە و كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی لەسەر دانیشتووان، لەنێویاندا ژنان و منداڵانی لاواز و كۆمەڵگە كەمدەرامەتەكان”.
ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی پێداویستیی پزیشكیی بەپەلە بۆ سلێمانی دابین دەكات
