حكوومه‌ت بڕە پارەی پێویست بۆ نۆژەنکردنەوەی تونێلی ده‌ربه‌ندیخان تەرخان دەکات

 وەزارەتی  ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیاندراوێكدا بڵاوی كردەوە” لەسەر داوای وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و دوای ئاراستەکردنی نووسراو و دەرخستە، وەزارەتی دارایی بە نوسراوی ژمارە 8343 بە بەئیمزای وەزیری دارایی، رەزامەندی بۆ تەرخانکردنی بڕی 187ملیۆن و 828 هەزار دینار بۆ پڕۆژەی چاککردن و نۆژەنکردنەوەی تونێلی دەربەندیخان دەربڕی. ئاماژە بەوەش كراوە ئەو بڕە پارەیە بەمەبەستی چاککردنی تونێلەکە و کارئاسانیکردنە بۆ هاتوچۆی هاووڵاتیان. شایانی باسە لە مانگی نیسانی رابردوودا لەمیانەی بەسەرکردنەوەی تونێلەکە، وەزیری ئاوەدانکردنەوە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، وەک پلانی خێرا هەوڵدەدەن بە زووترین کات تونێلەکە نۆژەن بکرێتەوە. وەزیری ئاوەدانکردنەوە،  ئەو كات گوتیشی: “رەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیران وەرگیراوە و بڕیاردراوە کە لیژنەیەکی ھاوبەش لە ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و وەزارەتی پلاندانان پێکبھێنرێت بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ باشترین کۆمپانیای ناوچەکە تایبەت بە دروستکردنی تونێلی دوەمی دەربەندیخان”.