پێش جەژن پارەی توێژێكی دیكه‌ دەدرێت

 نوێنەری گشتیی مامۆستایانی وانەبێژان رایگەیاند، پارەی مانگی پێنجی وانەبێژان پێش جەژن دابەش دەكرێت. کارۆخ عەبدوڵا، نوێنەری گشتیی مامۆستایانی وانەبێژ بە (باسنیوز)ی راگەیاند: “سەبارەت بە شایستەی دارایی مامۆستایانی وانەبێژ لەو ماوەیەدا گەڵ دارایی و پەروەردە لەسەر هێڵ بووین، وەزارەتی دارایی بڕیاری داوە  شایستەی مانگی پێنجی مامۆستایانی وانەبێژی ئەو پەروەردانە پێش جەژن دابەش بكات كە رێكارەكانیان تەواو كردووە و كراوەتە چەك”. ئاماژەی بەوەش دا لەو چەند رۆژەی ماوە بۆ پێش جەژن پارەی هەموو ئەو وانەبێژانە دەدرێ، كە پەروەردەكان رێكارەكانیان بۆ تەواو كردوون، گوتیشی: ” لەگەڵ گەنجینەكان قسەمان كرد، ئەوانیش دووپاتیان كردەوە فەرمانیان پێكراوە كە شایستەی دارایی مانگی پێجی وانەبێژان خەرج بكەن و فەرمانەكەش چووەتە واری جێبەجێكردنەوە”. بەپێی رێنوێنیی ژمارە 14ی دارایی، ئەو مامۆستا وانەبێژانەی هەڵگری بڕوانامەی دبلۆمن 350 هەزار دیناریان بۆ خەرج دەکرێت و بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی بەکالۆریۆسیش 400 هەزار دینار خەرج دەکرێت. نوێنەری گشتیی مامۆستایانی وانەبێژ ئاشكراشی كرد، وەكوو فەرمانبەران و مووچەخۆرانی تر دڵخۆشن كە وانەبێژانیش پێش جەژن شایستەی دارایی خۆیان وەردەگرن. زیاتر لە 30 هەزار مامۆستای وانبێژ لە هەرێمی كوردستان هەیە و حكوومەت شایستە داراییەكانیان دابین دەكات.