كەركووك.. گەنجێك بە تۆمەتی كوشتنی باوكی دەستگیر كرا

بەڕێوەبەری بنكەی پۆلیسی عەرەفەی شاری كەركووك ئاشكرای دەكات كە گەنجێكیان بە تۆمەتی كوشتنی باوكی دەستگیركرد. ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 13ی7ی2022، موقەدەم زێد عادل، بەڕێوەبەری بنكەی پۆلیسی عەرەفەی شاری كەركووك، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: “دوای ئەوەی لە گەڕەكی كوردستان (فەیلەق)ی شاری كەركووك، پیاوێك تەقەی لێكرا و پاشان گیانی لەدەستدا، هێزە ئەمنییەكان دەستیان بە لێكۆڵینەوە كرد”. گوتیشی: “دوای لێكۆڵینەوەی ورد دەركەوت كە كوڕێكی كوژراوەكە دەمانچیەكی كڕیوە بەمەبەستی كوشتنی باوكی و دوای 48 كاتژمێر تواندرا كوڕەكەی دەستگیر بكرێت و دانی بەتاوانەكەیدا ناوە كە بەهۆی كێشەی كۆمەڵایەتییەوە تەقەی لە باوكی كردووە و كوشتوویەتی”.