شاره‌زایه‌كی وزە: راگەیاندراوەکەی گیپسۆن وادەکات کۆمپانیا بیانییەکان زیاتر روو لە کوردستان بکەن

شاره‌زایه‌كی بواری وزه‌ و سه‌رۆكی پاڵاوگه‌ ئه‌هلییه‌كانی كوردستان، باس له‌ راگەیاندراوەکەی كۆمپانیای (گیپسۆن دان)ی ئەمریكیی تایبەت بە یاسای نێودەوڵەتی لەبارەی كێشەكانی نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و ئەو كۆمپانیا نەوتییانەی لە هەرێمی كوردستاندا ده‌كات و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، ئه‌و تەفسیرە یاساییە كوردستانی برده‌ قۆناغێكی دیكه‌وە. قوباد حه‌مه‌ئه‌مین، سه‌رۆكی پاڵاوگه‌ ئه‌هلییه‌كانی كوردستان، بۆ (باسنیوز) گوتی: “بەپێی راگەیاندراوێكی كۆمپانیای (گیپسۆن دان)ی ئەمریكیی تایبەت بە یاسای نێودەوڵەتی، لەبارەی كێشەكانی نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و ئەو كۆمپانیا نەوتییانەی لە هەرێمی كوردستاندا كار دەكەن، بە ڕەچاوكردنی ماددەكانی دەستووری عێراق و یاسای نەوت و غازی هەرێمی كوردستان، زۆر شت روون كراوه‌ته‌وه‌، ئه‌و دامه‌زراوه‌یه‌ زۆر گه‌وره‌ و كاریگه‌ره‌ له‌سه‌ر ئاستی پرۆسه‌ی وزه‌ی جیهان، ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ دڵخۆشكه‌ره‌ بۆ كوردستان و ئه‌مه‌ پشتیوانییه‌ بۆ كوردستان و ده‌گاته‌ ئاستی ئه‌وه‌ی، وزه‌ی كوردستان له‌ ئاستی جیهاندا رۆڵی هه‌بێت له‌وه‌ی، وه‌ك كاراكته‌ری ناده‌وڵه‌تی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت، كاتێك ئه‌م ڕاگەیاندراوە دەرکراوه،‌ كه‌ جۆ بادین، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌، ئه‌مه‌ كاریگه‌ریی ده‌بێت له‌وه‌ی پرۆسه‌ی نه‌وتی كوردستان له‌ جاران زیاتر بره‌و به‌خۆیه‌وه‌ ببینێ و له‌ ئاستی جیهان پرۆسه‌ی نه‌وتی كوردستان گرفتی یاسایی له‌سه‌ر نامێنێت و ئه‌مه‌ پاڵنەرێكی باشه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كۆمپانیاكانی بواری نه‌وت زیاتر روو له‌ كوردستان بكه‌ن”. گوتیشی: “هه‌ندێك لە كۆمپانیاكانی ئه‌مه‌ریكا له‌ كوردستان ئێستا خه‌ریكی به‌رهه‌مهێنانن، به‌تایبه‌ت له‌ پاڵاوگەی نه‌وتی لاناس، كه‌ له‌داهاتوویه‌كی نزیكدا ئاماری باش بڵاو ده‌بێته‌وه‌. ئه‌مه‌ریكا ده‌یه‌وێت كوردستان بكاته‌ ناوچەیەکی گرنگی وزه‌ و پارێزگاریی لێ ده‌كات، له‌م بڕیاره‌دا، لە بەرامبەردا عێراق كه‌وته‌ به‌رده‌م به‌رپرسیاریه‌تی و ره‌نگه‌ بكه‌وێته‌ ناو لیستی سزاكانه‌وه‌، چونكه‌ رێگره‌ له‌ ژینگه‌ی په‌ره‌سه‌ندنی وزه‌ له‌ كوردستانه‌وه‌ و هه‌رێمی كوردستان هه‌نگاو ده‌نێت بۆ فرۆشتنی گازی سروشتی، بەمەش شکستی هێنا لە هەوڵەکانی دژی نەوتی کوردستان”. ئەو شاره‌زایه‌ی بواری وزه‌، ئه‌وه‌شی خسته‌ روو: “ئه‌م راگەیاندراوە له‌كاتێكدایه‌، عێراق زۆر هه‌وڵ ده‌دات شكست به‌ پرۆسه‌ی نه‌وتی كوردستان بهێنێ، ئه‌مه‌ریكا ئه‌م هه‌نگاوه‌ گه‌وره‌ی ناوه‌ و دڵنیاتان ده‌كه‌مه‌وه‌، كوردستان هه‌نگاوی گرنگ ده‌نێت و كوردستان له‌ ئاستی جیهان پشتیوانیی ده‌كرێت”.