ماڵپەڕێكی پزیشكی ئاشكرای كرد جگەرەكێشان هەر 20 خولەك جارێك، عێراقییەك دەكوژێت، هەروەها تێچووی جگەرە لە ڕۆژێكدا لەسەر عێراق زیاتر لە یەك ملیۆن دۆلارە. لە راپۆرتێكی ماڵپەڕی “مەدریفە”ی پزیشكیدا هاتووە، كە بنكەكەی لە هۆنگ كۆنگە و لە زاری عەباس جەبار سەرۆكی بەرپرسی فەرمانگەی كۆنترۆڵكردنی تووتنی وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراقی گواستووەتەوە، لە عێراقدا لە هەر 20 خولەكێكدا، جگەرەكێشێك لە عێراق گیان لەدەست دەدات. هەروەها بەپێی ئامارەكانی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی، لە راپۆرتێكدا بە ناونیشانی “جگەرەكێشان عێراق دەكوژێت”، ئاماژە بەوە كراوە، تێچووی جگەرە لە عێراق رۆژانە یەك ملیۆن و 367 هەزار دۆلارە. لە درێژەی راپۆرتەكەدا هاتووە كە یاسای بەرەنگاربوونەوەی جگەرەكێشان لە عێراق بەسەرچووە و دەبێت دووبارە دابڕێژرێتەوە، ئەمەش بە مەبەستی بەهێزكردنی پاراستنی تەندروستیی گشتی، ئاماژەی بەوەش كردووە، كە پێویستە یاساكە جگەرەكێشان لە هاتوچۆی گشتیدا قەدەغە بكات.
جگەرەكێشان هەموو 20 خولەكێك كەسێك لە عێراق دەكوژێت
