سەدر داوای راگرتنی خۆپیشاندانەكان دەكات

ئەمشەو موقتەدا سەدر ڕێبەری سەدرییەكان داوای لە جەماوەرەكەی كرد خۆپیشاندان دژی تۆمارە دەنگییە دزەپێكراوەكانی نووری مالیكی ڕابگرن. ئەمشەو ساڵح عێراقی كەسایەتی نزیك لە موقتەدا سەدر كە بە وەزیری سەدر ناسراوە، لە هەژماری خۆیدا لە “تویتەر” بڵاوی كردەوە “سوپاستان دەكەین، پێویست بە خۆپیشاندان ناكات دژی تۆمارە دزەپێكراوەكان، دووپاتی دەكەمەوە، سوپاستان دەكەم”. ئەم تویتەی عێراقی لە كاتێكدایە كە ئەمشەو لە شاری ناسریە خۆپیشاندانێكی بەرفرەوان لە دژی تۆمارە دەنگییە دزەپێكراوەكانی نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق دەستی پێكرد، كە لە چەند شوێنێكی تۆمارە دەنگییەكاندا سووكایەتی بە موقتەدا سەدر كراوە و لە یەكێكیشیاندا هەڕەشەی هێرشكردنە سەر پارێزگای نەجەف كراوە، لەلایەن چەكدارەكانی مالیكی بۆ سەر موقتەدا سەدر.