كەركووك.. هێزە سەپێنددراوەكان بەبیانووی پشكنین هەڵدەكوتنە سەر گەڕەكێكی كوردان

هێزە سەپێندراوەكانی عێراق، لە گەڕەكێكی كوردانی شاری كەركووك، بەبیانووی پشكنینی ماڵانەوە، هەڵمەتێكی هەڵكوتانە سەر ماڵان و بڵاوكردنەوەی هێزیان دەست پێ كردووە. بەپێی زانیارییەكانی (باسنیوز)، ئەمڕۆ چوارشەممە 20ی 7ی 2022، تا ئامادەكردنی ئەم هەواڵە، هێزە سەپێندراوەكان بە بیانووی پشكنین و دەستبەسەرداگرتنی چەك، هەڵمەتێكی هەڵكوتانە سەر ماڵانیان لە گەڕەكی پەنجاعەلیی شاری كەركووك دەست پێ كردووە. ئەوەش زاندراوە، كە هاووڵاتییانی ئەو گەڕەكە نیگەرانن لە شێوەی هەڵكوتانە سەر ماڵەكانیان و هەروەها دانانی بازگەی كاتی، كە سیمایەكی عەسكەرتاری بە گەڕەكەدا داوە. ناوە ناوە هێزە سەپێندراوەكان، كە لەدوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە كەركووكیان داگیر كردووە، هەر جارە و بەبیانووی پشكنین هەڵدەكوتنە سەر گەڕەكێكی كوردان، ئەمە لەكاتێكدایە، كە تیرۆریستانی داعش و جموجۆڵەكانیان زیاتر لە ناوچە عەرەبنشینەكان و دەوروبەری كەركووكدا هەیە.