ئێف بی ئای لە ماڵی ترەمپدا لە چی دەگەڕێت؟

ئەمڕۆ سێشەممە میدیاكانی جیهان چەندین راپۆرتیان لەبارەی هۆكاری بەسەردادانی ماڵی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی پێشووی ئەمریكا لەلایەن هێزەكانی “ئێف بی ئای”ی ئەمریكاوە بڵاو كردەوە و تا ئێستا هۆكاری راستەوخۆ ڕوون نەكراوەتەوە. دوای ئەوەی لە مانگی نیسانی رابردوودا وەزارەتی دادی ئەمریكا دەستی بە لێكۆڵینەوە كرد لە ئەگەری گواستنەوەی تۆمارەكانی سەرۆكایەتی ئەمریكا لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە بۆ ماڵەكەی خۆی لە فلۆریدا، ئێستا باس لەوە دەكرێت كە پێدەچێت یەكێك لە هۆكارەكانی بەسەردادانەكەی دوێنێ شەوی ئێف بی ئای، گەڕانیان بێت بەدوای ئەو تۆمار و بەڵگانەی سەرۆكایەتیی ئەمریكا كە گومان دەكرێت لەلایەن ترەمپەوە بەشێوەی نایاسایی گوازرابنەوە و هەڵگیرابن. ئەمەش سەرباری ئەوەی كە بەڕێوەبەرایەتی پارێزراوەكان و تۆمارە نیشتمانییەكانی ئەمریكا لە مانگی شوباتی رابردوودا كۆنگرێسی ئەمریكای لەبارەی 15 سندوق لە بەڵگەنامەی كۆشكی سپی ئاگادار كردەوە، كە گوازرابوونەوە بۆ ماڵی ترەمپ لە فلۆریدا و هەندێكیان بەڵگەنامەی نهێنی بوون و دواتر تەواوی سندوقەكان گەڕێندرانەوە بۆ كۆشكی سپی. لای خۆیەوە ئێریك ترەمپ یەكێك لە كوڕەكانی سەرۆكی پێشوو بە تۆڕی “فۆكس نيوز”ی ئەمریكی راگەیاندووە كە هەوڵەكەی دوێنێ شەوی ئێف بی ئای، بۆ گەڕان بووە بە دوای چەند سندوقێك كە گوایە بەڵگەنامەی سەرۆكایەتی ئەمریكایان تێدایە، لەمبارەیەوە باوكی چەند مانگێكە هاوكار بووە لەگەڵ لایەنە حكوومییەكان. بەڵام ترەم لە ڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكەی خۆیەوە كە ناوی “ترووس”ە بڵاوی كردەوە كە گەلی ئەمریكا بە كاتێكی ناخۆشدا گوزەر دەكات، ئێستا ماڵە جوانەكە لە فلۆریدا گەمارۆ دراوە و لەلایەن ژمارەیەكی زۆری كارمەندانی نووسینگە لێكۆڵینەوەی فیدراڵیدا بەسەریدا دراوە و داگیر كراوە. هەروەها نووسیویەتی پێشتر شتی وا بەسەر هیچ سەرۆكێكی ئەمریكادا نەهێندراوە. جێی باسە درەنگانی شەوی دووشەممە پۆلیسی ئێف بی ئای هەڵیانکوتایە سەر خانووێکی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمه‌ریکا، ترەمپ دەمودەست لەمبارەیەوە رای گەیاند كە ئەم هەوڵە بۆ ئەوەیە تا بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی 2024 خۆی بەربژێر نەكات. بەرەبەیانیی ئەمڕۆش بەشێكی بەرچاو لە لایەنگرانی ترەمپ لە فلۆریدا چوونە بەردەم ماڵی سەرۆكی پێشوو و پشتیوانی خۆیان بۆ دووپات كردەوە.