بەردی برسێتی لە ئەورووپا دەركەوت

بەهۆی ئەو وشكەساڵییە قورسەی ئەورووپای گرتۆتەوە كە یەكێك لە لێكەوتەكانی، دابەزینی ئاستی ئاوی ڕووبارەكانە، بەردی برسێتی دەركەوت. ئەم هاوینە ئەورووپا تووشی وشكەساڵییەك بووە كە لە مێژووی نزیكی خۆیدا نەیبینیوە، بەم هۆیەوە بەشێك لە ڕووبارەكان ئاستی ئاویان بە ڕادەیەك دابەزیوە كە شتی جۆراوجۆر لە ژێرەكەیاندا دەركەوتووە. لەم چوارچێوەیەدا، لە ژێر ڕووباری دانوب كە بە چەند وڵاتێكی ئەورووپادا تێپەڕ دەبێت، پاشماوەی ئەو كەشتییانە دۆزرانەوە كە لە سەردەمی جەنگی جیهانیدا تێكشكێندرابوون. لە لایەكی دیكەوە، ئاستی ئاوی ڕووباری (ئیلبە) لە سنووری شاری (دیتیچین) كە دەكەوێتە باكووی كۆماری چیك لە نزیك سنوورەكانی ئەڵمانیا دابەزیوە، بەم هۆیەشەوە چەند بەردێك لەو 12 بەردە دۆزراونەتەوە كە ئەورووپییەكان لێی دەترسن و پەیامی برسێتی پێیە. لەسەر ئەو بەردەی دۆزراوەتەوە نووسراوە: “كاتە قورسەكان بەڕێوەیە. ئەگەر منت بینی، بگری، ئەوە ساڵی برسێتییە، ئێمە گریاین، تۆش دەگریت”. ئەمەش وەك پەیامێك بۆ دابەزینی ئاستی ئاو لە سەردەمی نووسینی بەردەكە كە لە ئەنجامدا بۆتە هۆی بڵاوبوونەوەی برسێتییەكی گەورە. مێژووناسانی ئەورووپی پێیانوایە ئەو بەردانە نامەی گەلانی كۆنی كیشوەرەكەیان بۆ نەوەی ئێستا هەڵگرتووە، پەیامەكان لە سەدەی 16 نووسراون كە ئەوكات ئاستی ئاو هاوشێوەی ئەمساڵ، یەكجار دابەزیوە، بۆیە وای دادەنێن كە دەركەوتنی ئەو بەردانە، بە مانای سەرهەڵدانی هەژاری و برسێتی لە نێو خەڵكی دێت. بەپێی ئەو زانیارییانەی ڕوانگەی دەستنیشانكردنی وشكەساڵی لە ئەورووپا بڵاوی كردۆتەوە، وشكەساڵی كاریگەری لەسەر ژیانی زیاتر لە 60٪ی زەوییەكانی ئەورووپا كردووە، ڕووبارە سەرەكییەكانی ئەڵمانیا و ئیتاڵیا دابەزینێكی بەرچاویان بەخۆوە بینیوە. پێشتریش كۆمسیۆنی ئەورووپی رای گەیاندبوو، وشكەساڵییەكەی ئەمساڵ، خراپترین شەپۆلی وشكەساڵییە كە لە 1540ەوە كیشوەرەكە بە خۆیەوە بینیبێت.