ئەمڕۆ یەكشەممە سەرچاوەیەكی هەواڵ ئاشكرای كرد تەرمی شێواوی چەندین قوربانی لە ناو ئاوەڕۆكانی كەمپی هۆل لە رۆژئاوای كوردستان دۆزراونەتەوە، كە پێدەچێت لەلایەن پاشماوەكانی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعشەوە كوژرابن و بەم شێوەیە هەوڵی شاردنەوەی تەرمەكانیان درابێت. ئاژانسی هەواڵی (رۆیتەرز) لە زاری بەرپرسێكی ئەمنیی ئیدارەی خۆجێی پەیەدەی لە رۆژئاوای كوردستان بڵاو كردەوە كە دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەكان ئۆپەراسیۆنێكی نوێیان بە ئامانجی لەناوبردن و دەستگیركردنی شانە نووستووەكانی داعش لە ناو كەمپی هۆل دەستپێكرد، لە ناو ئاوەڕۆكاندا چەندین تەرم دۆزرانەوە. سەرچاوەكە ئاماژەشی بەوە داوە كە هۆكاری ئەم ئۆپەراسیۆنە نوێیە بەرزبوونەوەی ڕێژەی تاوانەكانی پاشماوەكانی داعشە لەناو كەمپی هۆل، كە بەم دواییە ژمارەیەكی زۆری خەڵكیان لە ڕێگەی دەمانچەی بێدەنگەوە كوشتووە. سەرباری ئەوەش ئاشكرای كردووە كە ئەو تەرمانەی لەناو ئاوەڕۆدا دۆزراونەتەوە، پاشماوەی ئەشكەنجەدانێكی دڕاندانەیان بە جەستەوە بووە، لەمبارەیەشەوە سەرچاوەكە پێی وا بووە پاشماوەكانی داعش لەناو كەمپی هۆل پەیوەندییان بە ڕێكخستنەكانی داعشەوە هەیە لە دەرەوە، بۆیە كردەوە تیرۆریستییەكانیان زیادی كردووە. جێی باسە ئەم پێشهاتە لە كاتێكدایە حكوومەتی عێراق بە شێوەیەكی بەردەوام پێشوازی لە دەیان پاشماوەی گەڕاوەی داعش دەكات لە كەمپی هۆلەوە بەرەو چەند ناوچەیەكی باكووری وڵاتەكە، بەتایبەتی بۆ سنووری ناوچەكانی عەرەبی سوننە.
چەندین تەرمی شێواو لە ئاوەڕۆكانی كەمپی هۆلدا دۆزرانەوە
