ئومێد خۆشناو: پلانمان داڕشتووە بۆ ئەنجامدانى ژمارەیەکى زۆر لە پڕۆژەى خزمەتگوزاری

پارێزگاری هەولێر رایگەیاند لە پلانیان داڕشتووە بۆ ئەنجامدانى ژمارەیەکى زۆر لە پڕۆژەى خزمەتگوزاریی، ئاشکراشیکرد کە بەشێوەیەکى یەکسان و بەبێ جیاوازى، دەستى ئاوەدانى و خزمەتگوزاریى دەگەیەنن بە سەرجەم ناوچەکان. ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاویکردەوە: “دواى نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 30/8/2022، سه‌باره‌ت بەگەیاندنى پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بەهاوڵاتییان و پڕۆژەکانى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر و تەواوکردنى پڕۆژە تەوانەکراوەکان و قەرزی بەڵێندەران، لەدیوانى پارێزگا، سەرپەرشتى کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد”. ئاماژەی بەوەش داوە: “لەکۆبوونەوەکەدا، وێڕاى ئەوەى جەختمان لەبه‌رده‌وامى ئەنجامدان و گەیاندنى پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان كرده‌وه‌، تیشكمان خسته‌سه‌ر ئالیەتى و میکانیزمى چۆنیەتى دەستکردنەوە بەپڕۆژە تەواونەکراوەکان و قەرزی بەڵێندەران کە بەهۆى قەیرانى داراییەوە ڕاگیراون، لەوبارەیەوە ڕامانگەیاند، ھەوڵەکانی پارێزگاى هەولێر بەردەوامە، ئامادەکارى و پلانمانیشمان داڕشتووە بۆ ئەنجامدانى ژمارەیەکى زۆر لە پڕۆژەى خزمەتگوزاریى و تەواوکردنى پڕۆژە تەواونەکراوەکان”. راشیگەیاندووە: “لەسەر ڕاسپاردە و بڕیارى مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، جەخت لەوە دەکەینەوە لەگەیاندنى پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان هیچ جیاوازییەک لە ناو شار و دەرەوەى شار ناکه‌ین، بەڵکو بەشێوەیەکى یەکسان دەستى ئاوەدانى و خزمەتگوزاریى دەگەێنین بە سەرجەم ناوچەکان بەبێ جیاوازى، بەتایبەتى ئەو شوێنانەى کە کەمترین دەستى خزمەتگوزارییان پێگەیشتوە”.