بهڕێوهبهرایهتیی پۆلیسى پارێزگاى سلێمانى له ڕاگهیاندراوێكدا ئاماژه بهوه دهدات، ئەو کچەی دەیانگوت لە نهۆمى دووهمى ماڵى خۆیان، خۆی هەڵداوەتەوە خوارەوە، دهركهوت براكهى كوشتوویهتى. ئهمڕۆ پێنجشهممه 1/9/2022، بهڕێوهبهرایهتیی پۆلیسى پارێزگاى سلێمانى، ڕاگهیاندراوێكى بڵاو كردووهتهوه و تێیدا هاتووه: “له ڕۆژى 12/8/2022، بنكەی پۆلیسی كوردسات ئاگادار كرایەوە لە بوونی تەرمێك بەناوی (ك، م، پ) لەدایكبووی 1993 لە پزیشكی دادوەریی سلێمانی، گوتەی كەسوكاری وەرگیرا و ڕایانگەیاند كە لە نهۆمی دووەمی ماڵی خۆیان خۆی هەڵداوەتە خوارەوە”. ئهوهش خراوهته ڕوو: “گومان له ڕووداوەكە لای ھێزەکانی پۆلیسی سلێمانی دروست بوو، مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی كوردسات و تیمەكانی بەشی پۆلیسی بەڵگەی تاوان چوونە شوێنی ڕووداوەكە و كەشف و هێڵكاریی بۆ شوێنی ڕووداوەكە كرا و لێكۆڵینەوەكان بەردەوام بوون، سەرەنجام دەركەوت كە کوژراوەکە خۆی هەڵنەداوەتە خوارەوە، بەڵكوو لەلایەن براكەیەوە بەناوی (ق، م، پ) لەدایكبووی 1994 بەهۆی كێشەیەكی خێزانییەوە بە پارچە ئاسنێک لێی دراوە و بەهۆی سەختی برینەكەیەوە لە ماڵەوە گیانی لەدەست داوە”. پۆلیسى سلێمانى ئاشكراشى كردووه: “ئێستا تاوانبار بە بڕیاری بەڕێز دادوەر و بەپێی ماددەی 405 لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە و دانی بە تاوانەكەیدا ناوە”.
سلێمانى.. ئەو کچەی دەیانگوت لە سەربان خۆی هەڵداوەتەوە خوارەوە، دهركهوت براكهى كوشتوویهتى
