ئەمڕۆ پێنجشەممە ئێزگەی فەرمیی سوید ئاشكرای كرد لە ماوەی یەك ساڵدا، 11 منداڵی خوار تەمەنی 14 ساڵی خۆیان كوشتووە، ئەمەشی بە بەرزترین ئاماری خۆكوشتنی منداڵان داناوە لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا. بەگوێرەی هەواڵەكە، لە ماوەی ساڵی رابردوودا “2021”، لە وڵاتی سوید 11 منداڵ كۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە، كە تەمەنیان لە نێوان 10 بۆ 14 ساڵ بووە. ئێزگەی سوید ئاماژەی بەوە داوە كە لەبارەی بەرزبوونەوەی ڕێژەی خۆكوشتن، رەخنە لە بەخێوكەرانی منداڵان دەگیرێت، كە نازانن چۆن سەرپەرشتی منداڵەكانیان بكەن و بەگوێرەی پێویست گرنگییان پێنادەن. یەكێك لەو منداڵانەی كە ئێزگە سویدییەكە باسی كردووە، كوڕێكی تەمەن 11 ساڵ بووە بە ناوی ئێمیڵ، لەمبارەیەوە میریامی دایكی ئێمیڵ گوتوویەتی كە كوڕەكەی بۆ ماوەی هەشت مانگ تووشی گرێی دەروونی بووە و كار گەیشتووەتە ئەو رادەیەی چەند جارێك باسی لە خۆكوشتن كردووە، بەڵام ئەوان بە گوێرەی پێویست گرنگیان بە قسەكەی نەداوە.