لە كەركووك لە سەرەتای ئەم مانگەوە مامۆستایان لە قوتابخانەكانیان دەستبەكار بوون و بەڕێوەبەری خوێندنی كوردی لە كەركووك زانیاری لەبارەی دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندنەوە دەخاتە ڕوو. لەم بارەیەوە، ئەمڕۆ شەممە 3ی 9ی 2022، شێرزاد ڕەشید، بەڕێوەبەری خوێندنی كوردی لە كەركووك، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ڕۆژی 14ی ئەم مانگە خولی دووەمی تاقیكردنەوەكانی كۆتایی ساڵی پۆلە ناكۆتاكان، واتا لە یەكی سەرەتاییەوە تاكوو پێنج و پۆلەكانی یەكی ناوەندی تاكوو پێنجی ئامادەیی تەواو دەبێت، ئیتر لە دوای ئەو تاقیكردنەوانەوە وەزارەتی پەروەردەی عێراق ڕۆژێك دیاری دەكات بۆ دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندن”. بەڕێوەبەری خوێندنی كوردی لە كەركووك گوتیشی: ”پێشبینی ئەوە دەكرێت 1ی مانگی داهاتوو ساڵی نوێی خوێندن لە كەركووك و شارەكانی تری عێراق دەست پێ بكات.” خوێندنی كوردی لە كەركووك پێداویستییەكانی لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە دابین دەكرێت، بەڵام كاتی داقیركردنەوەكانیان و دەستپێكردنی ساڵی خوێندنیان لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی عێراقەوە لەگەڵ خوێندنی زمانەكانی تر لە عێراق بڕیاری لەسەر دەدرێت.
بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی: پێشبینی دەكرێت 1ی مانگی داهاتوو ساڵی نوێی خوێندن لە كەركووك دەست پێبکات
