گەنجێكی فەڵەستینی بە گوللەی سوپای ئیسرائیل كوژرا

بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 7ی ئەیلوولی 2022، گەنجێكی فەڵەستینی بە گوللەی سوپای ئیسرائیل پێكرا و دەست بەجێ گیانی لەدەست دا. وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین بڵاوی كردەوە، گەنجێك بە ناوی یونس غەسانە و تەمەنی 21 ساڵە، فیشەكێك بەر دڵی كەوتووە و لە كاتی گواستنەوەیدا بۆ نەخۆشخانە، وێڕای هەوڵی تیمەكانی پزیشكی، بەڵام گیانی لەدەست داوە. كوژرانی یونس غەسان لە كاتێكدا هات كە هێزێكی سوپای ئیسرائیل هەڵیانكوتایە سەر خێوەتگەی (الفارعة) لە پارێزگای تۆباس لە كەرتی ڕۆژئاوا و لە لایەن گەنجانی ناوچەكەوە بە توندی ڕێگرییان لێكرا و پێكدادانیش ڕووی دا. بەپێی هەواڵی میدیا عەرەبییەكان، هەر دوای كوژرانی ئەو گەنجە فەڵەستینییەكە، هێزەكانی ئیسرائیل گەنجێكیشیان بە ناوی (عودەی) دەستگیر كردووە كە هەر لە بنەماڵەی یونس غەسانە.