ئەمریكا هۆشدارییەكی توند دەداتە توركیا

ئەمریكا هۆشداری دەداتە توركیا، ئەگەر بێت و لە بری فڕۆكەی جەنگی F16، روو لە رووسیا بكەن و فڕۆكەی جەنگی لێبكڕن، ئەوكات ئەگەری سزادانی توركیا لەلایەن ئەمریكاوە بەهێزە. لە مانگی حوزەیراندا، لە كۆبوونەوەی لوتكەی ناتۆ لە مەدرید، رەجەب تەییب ئەردۆغان و جۆ بایدن، كۆبوونەوە و لەوێ گفتوگۆ لەبارەی پێدانی فڕۆكەی F16 بە توركیا كرا و بایدن بەڵێنیدا ئەو پرسە بباتە كۆنگرێس و بەئەرێنی وەڵامی توركیا بدەنەوە، بەڵام لەوكاتەوە تاوەكوو ئێستا ئەمریكا هیچ فڕۆكەیەكی بە توركیا نەداوە، لە كاتێكدا توركیا پارەی پێشوەختەشی پێداوە. بەهۆی ئەوەی، ناكۆكییەكی زۆر كەوتووەتە نێوان توركیا و یۆنان و ئەردۆغان زمانی هەڕەشەی دژی یۆنان بەكارهێنا، بۆیە پێدانی F16 لەلایەن ئەمریكاوە بە توركیا دواخرا، ئەمەش ئەردۆغانی توڕە كرد و گوتی ”ئەگەر ئەمریكا F16 مان پێنەدات، روو لە رووسیا دەكەین“. بەرپرسێكی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، بەبێ ئەوەی ناوی خۆی ئاشكرا بكات، قسەی بۆ رۆژنامەی (Hellas Journal) كردووە و هۆشداری دەداتە توركیا. ئەو بەرپرسە ئەمریكییە دەڵێت: ”ئەگەر بێت و توركیا بۆ كڕینی F16 روو لە رووسیا بكات، ئەوكات توركیا دەچێتە ناو سیستەمی سزای (CAATSA)ی ئەمریكا. توركیا كاتێك رووی لە رووسیا كرد بۆ كڕینی مووشەكی بەرگری S400، هەموو هاوپەیمانەكانی نیگەران بوون، چونكە دژی هەموو ئەو رێككەوتنانە بوو كە پێشتر لە ناتۆ كراوە، بۆیە هۆشداری دەدەینە توركیا كە بەهیچ شێوەیەك بۆ كڕینی فڕۆكەی جەنگی روو لە رووسیا نەكات“. (CAATSA) لەیاسای بەرگری ئەمریكادا بەو واتایە دێت، كە هەموو ئەو وڵاتانەی ئەمریكا سزای سەربازی بەسەردا سەپاندوون. بۆ نموونە لە 2017، سزای بەسەر (رووسیا، ئیران، چین، كووریای باكووردا) سەپاند، ئەگەر توركیاش سزای بەسەردا بسەپێندرێت، ئەوكات لەڕووی سەربازییەوە گورزێكی گەورە بەر توركیا دەكەوێت.