ئەمشەو نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق و سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا رای گەیاند كە چیتر پێویست ناكات باسی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بكرێت، چونكە دادگا ئەو پرسەی بڕاندەوە. مالیكی لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی “تویتەر” نووسیویەتی دادگا بڕیاری دا كە ناشێ پەرلەمان بێتە هەڵوەشاندنەوە، ئەمەش بە مانای ئەوە دێت كە هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام نادرێت، تەنها دوای ئەوە نەبێت كە پەرلەمانی ئێستا دەست بە كۆبوونەوەكانی بكاتەوە و حكوومەتێكی نوێ پێك بێنێت بە تەواوی دەسەڵاتەوە. مالیكی هەروەها نووسیویەتی هێزە سیاسییەكانیش پشتیوانی خۆیان بۆ ئەو بڕیارەی دادگا دەربڕیوە، هەروەها هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانیان رەت كردووەتەوە، بە هەمان شێوە هەڵبژاردنی پێشوەختەشیان رەت كردووەتەوە، كەواتە چیتر پێویست ناكات باس لەم بابەتە یەكلاكراوەیە لە ڕووی دەستوور و یاسا و سیاسەتەوە بكرێت، بەڵكو پێویستە قسە و هەوڵەكان بۆ چۆنیەتی كاراكردنەوەی پەرلەمان و پەلەكردن لە پێكهێنانی حكوومەت بخرێنەگەڕ، بۆ ئەوەی باشترین خزمەتگوزاری و سەقامگیری سیاسی و ئەمنی بێنێتەدی.
مالیكی: پێویست ناكات چیتر باسی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بكرێت
