لە كۆبوونەوەی شەنگای كە سەرۆكی 22 دەوڵەت بەشدارییان تێدا كردبوو و ڕەجەب تەییب ئەردۆغانیش یەكێك بوو لەو سەرۆكانە. لە كۆبوونەوەكەدا وێنەیەك بڵاو كرایەوە، میدیاكانی سەر بە ئاكەپە، گرنگییەكی زۆریان پێی دا و گوتیان سەیری كەن، سەرۆكی وڵاتمان چەند گەورە و بەبایەخە. وێنەكە بە شێوەیەك گیراوە كە سەرۆكی وڵاتان سەیری دەمی ئەردۆغان دەكەن كاتێك قسە دەكات، بەتایبەت ڤلادیمیر پۆتین، سەرۆكی ڕووسیا. هەر لەو ڕۆژەدا، میدیاكانی سەر بە حكوومەت لە پاكستان، وێنەیەكی هاوشێوەیان بڵاو كردەوە، كاتێك محەممەد شەریف، سەرۆكی پاكستان كە ئەویش بەشداریی كۆبوونەوەكەی كردبوو، ڕاوەستاوە و هەموو سەرۆكەكان سەیری دەمی دەكەن، ئەوانیش شەریفیان وەكوو سەرۆكێكی گەورە نیشان دا و گوتیان سەرۆكی وڵاتان سەیری دەمی شەریف دەكەن و ئێستا پاكستان گەڕاوەتەوە ناو هاوكێشەكە و بە گەورەیی سەیر دەكرێت. هەردوو وێنەكە، وێنەی ئاسایین، بەڵام میدیاكان درۆیان تێیدا كردووە و ویستوویانە ڕای گشتی بجووڵێنن و وێنەكە بۆ پڕۆپاگندەی هەڵبژاردن بەكار بهێنن. با سەرەتا لەسەر وێنەی محەممەد شەریف، سەرۆكی پاكستان قسە بكەین. وەكوو یاڵچن دۆغان، نووسەری دیاری توركیا باسی دەكات، وێنەكە ڕاستە بە شێوەیەك گیراوە كە سەرۆكەكان هەموو سەیری شەریف دەكەن، بەڵام لەڕاستیدا وا نییە، بەڵكوو لە بەردەمی شەریفدا بەئاشكرا دیارە كە مێزێكی گەورەی خواردن هەیە و سەرۆكەكان بەرەو ئەو مێزە دەچن تا خواردن تێ بكەن و بیخۆن، لەو كاتەدا وێنەكە گیراوە و میدیای پاكستانیش بەكاریان هێناوە تا شەریف بەسەر سەرۆكەكانی تردا زاڵ بكەن و بە ڕای گشتیی پاكستان بڵێن شەریف لە سەرووی هەموو سەرۆكەكانی ترەوەیە. وێنەی دووەم، ڕەجەب تەییب ئەردۆغانە، ئەویش لەگەڵ سەرۆكەكاندا دانیشتووە و قسە دەكات، كاتێك قسە دەكات، هەموو سەرۆكەكانی تر سەیری دەمی دەكەن و گوێی لێ دەگرن. وەكوو یاڵچن باسی دەكات، ئەمەش هەر وێنەیەكی ئاساییە و میدیای سەر بە ئاكەپە گەورەیان كردووە و وێنەكە بەكار دەهێنن. ڕاستە هەموو سەرۆكەكان سەیری دەمی ئەردۆغان دەكەن كاتێك قسە دەكات، بەڵام ئەگەر هەر سەرۆكێكی تریش لەوێ قسەی بكردایە، هەموو سەیری دەمی ئەویان دەكرد، بەو مانایە نییە تەنیا ئەردۆغان قسەی كردبێت و ئەوانیش گوێی بۆ ڕادێرن. دەچێتە عەقڵی كێ، پۆتین چاوی لەوە بێت، بزانێت ئەردۆغان چی دەڵێت و لە خۆی بە گەورەتر سەیری بكات، ئاخر پۆتین خۆی لە هەموو سەرۆكی دونیا پێ گەورەترە، جا ئەردۆغانیش یەكێكە لەو سەرۆكانەی پۆتین هەرگیز لە خۆی پێ گەورەتر نەبووە.