حەوت رۆژ بۆ بەشێكی فەرمانبەران پشووی فەرمییە

 بەهۆی هاتنی جەژنی جەما، لە كۆتایی هەفتەی یەكەمی مانگی داهاتوو، حەوت رۆژ پشووی فەرمی دەبێ بۆ فەرمانبەرانی كوردی ئێزدی. بەرپرسێكی كاروباری ئێزدییانیش لە وەزارەتی ئەوقاف رایدەگەیەنێ، رێوڕەسمەكان لە پەرستگای لالش بەڕێوە دەچن. سعوود مستۆ، بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری ئێزدییان لە وەزارەتی ئەوقافی هه‌رێمی كوردستان بۆ (باسنیوز) ئاشكرای كرد: “جه‌ژنی جه‌ما لەلای ئێزدییان لە رۆژی 6ی10ی2022 ده‌ست پێ دەكات و حەوت رۆژ دەخایەنێ، ئەو حەوت رۆژەیە بۆ فەرمانبەرانی ئێزدی لە دامودەزگاكان پشووی فەرمییە و رێوڕەسمەكانیش لە پەرستگای لالش بەڕێوە دەچن”. جه‌ژنا جه‌ما یەكێكە لە جەژنە دێریینەكانی كوردانی ئێزدی، كە بۆ ماوەی حەوت رۆژ رێوڕەسم لە پەرستگای لالش بەڕێوە دەبرێن و خەڵكی ئێزدی لە تەواوی ناوچەكانەوە روو لەو پەرستگایە دەكەن و چەندین رێوڕەسم و چالاكی پێشكەش دەكرێن. كوردانی ئێزدی هەشت جەژنیان هەیە، رێوڕەسمی پێنج لەو هەشت جەژنانەیان لەناو كۆمەڵدا جێبەجێ دەكرێن، كە بریتین لە (جەژنی سەری ساڵ، جەژنی رۆژووی ئێزدییان، جەژنی بێلیندێ، جەژنی خدر لیاس و جه‌ژنی قوربان)، هەرچی رێوڕەسمی سێ جەژنەكەی دیكەن، ئەوا لە پەرستگای لالش بەڕێوە دەبرێن، كە بریتین لە (جەژنی چلەی هاوین، جەژنی زستان و جەژنی جەما).