سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان باسی نوێترین زانیاری سەبارەت بە شوققەی كرێچییان دەكات

بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، شوققە و یەكەی نیشتەجێبوون بۆ خەڵكی كەمدەرامەت و كرێچی لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان دروست دەكرێت. ئەگەرچی لە سنووری پارێزگای هەولێر شوێن بۆ دروستكردنی ئەو شوقانە دەستنیشان كراوە، بەڵام تا ئێستا لە دهۆك هیچ شوێنێك بۆ دروستكردنی شوققەكان دەستنیشان نەكراوە. سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانیش زانیاریی نوێ لەوبارەوە بۆ (باسنوز) دەخاتە روو. د.محه‌مه‌د شوكرى، سه‌رۆكی دەستەی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان، بۆ (باسنیوز) گوتی: “بابەتی هەڵبژاردن و دیاركردنی وەبەرهێنەران بۆ دروستكردنی ئەو یەكانەی نیشتەجێبوون كۆتایی هاتووە، لە هەمان كاتدا نرخی یەكەكانیش راگەیاندراوە، لە پارێزگای دهۆك و سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆش شوێن بۆ دروستكردنی ئەو شوقانە دەستنیشان دەكرێت، تەنیا ماوە تیروپشك بكرێت، ئەویش پارێزگا پێی هەڵدەستێ، لە هەمان كاتدا لە قەزاكانی بەردەڕەش، سێمێل و ئامێدی ئەو یەكە نیشتەجێبوونانە دروست دەكرێن”. گوتیشی: “دەبێ تا كۆتایی ئەمساڵ تیروپشك لە تەواوی ناوچەكان بكرێ و لەنزیكترین كاتیشدا كار لەسەر دروستكردنی ئەو یەكانە بۆ كەمدەرامەت و كرێچییان دەكرێت، كە دەبێ لە ماوەی دوو ساڵاندا تەواو بكرێن”. د. محه‌مه‌د شوكرى، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: “بە بڕیاری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، ئەو یەكەی نیشتەجێبوونانە لەنزیك شەقام و خزمەتگوزارییەكان دەبن، لەهەمان كاتدا دیزایینی تێكڕای شوققەكان وەك یەك دەبێت و لەگەڵیاندا باشترین خزمەتگوزارییش بۆ خەڵكەكە پێشكەش دەكرێت”. سه‌رۆكی دەستەی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان جەختیشی كردەوە: “سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان جەختی لەوە كردووەتەوە، كە پێویستە خەڵكی كەمدەرامەت و كرێچی لەو شوقانە سوودمەند بن و دادپەروەری بە رێژەی 100% لە پێشكەشكردنی ئەو شوقانەدا هەبێ، بەهیواین لەنزیكترین كاتدا ناوەكان رابگەیەنرێن و دەست بە دروستكردنی ئەو شوقانە بكرێت”.