ئەمڕۆ چوارشەممە هەیسەم جبووری راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق، كە یەكێك لە تۆمەتبارە سەرەكییەكانی كەیسی دزرانی سێ ملیار دۆلاری دەزگای باجی دەوڵەتی عێراق، ئەمڕۆ بە كەفالەت ئازاد كرا. ئەمشەو میدیاكانی عێراق بڵاویان كردەوە كە جبووری یەكێك لەوانە بوو بە تۆمەتی تێوەگلان لە دزینی سێ ملیار دۆلار كە بە (دزیی سەدە) ناسراوە، دەستبەسەر بوو، ئەمڕۆ لەلایەن دەزگای دادی عێراقییەوە ئازاد كرا. بەپێی میدیاكان، جبووری بەشێك لەو پارەیەی گەڕاندووەتەوە كە لەسەری ساخ كرابووەوە. ئەمەش لە كاتێكدایە كە هەفتەی رابردوو، بەشێك لە میدیاكانی عێراق لە چەند راپۆرتێكدا بڵاویان كردەوە كە لە عێراقدا بەبڕی چەند ملیار دۆلارێك پارە دزرا، كەچی چەند ملیۆن دۆلارێك گەڕێندرایەوە و گەورەترین دۆسیەی دزی داپۆشرا. دوای ئەوەی دەستەی دەستپاكیی عێراق گەڕاندنەوەی 2.6 مليۆن دۆلاری لەلایەن بەرپرسێكی پێشووی عێراق راگەیاندبوو، كە بە دۆسیەی دزینی نزیكەی سێ ملیار دۆلاری ئەمریكی تۆمەتبار بوو، میدیاكانی عێراق بە تەنزەوە هەواڵەكەیان بڵاو كردبووەوە و ئاماژەیان بەوە كردبوو كە تەنها لە عێراقدا بە ملیار دۆلار دەدزرێت، دواتر گەڕاندنەوەی چەند ملیۆن دۆلارێكی دزییەكە، دەبێتە دەسكەوتی دەوڵەت و دزییەكە دادەپۆشرێت و تۆمەتبارەكان ئازاد دەكرێن.
تۆمەتبارێكی سەرەكیی كەیسی دزرانی سێ ملیار دۆلارەكەی عێراق ئازاد كرا
