لێژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان لێژنەیەك بۆ بابەتێكی پەیوەست بە رێنوێنییەكی وەزارەتی دارایی پێكدەهێنێت، كە تایبەتە بە فەرمانبەرانی هاوسەر لە یەك فەرمانگەدا. ئەندامێكی لێژنەكەش دەڵێت، دەمانەوێت كارئاسانی بۆ ئەو فەرمانبەرانە بكرێت، دەكرێت لە یەك فەرمانگەدا بن، بەڵام لە یەك هۆبە و بەشدا نەبن. لێژنهی دارایی و كاروباری ئابووریی پەرلەمانی كوردستان، لەدوا كۆبوونەوەی خۆیدا ، گفتوگۆی سەبارەت بە ڕێنوێنییەك كردووە، سەبارەت بە دوو هاوسەری فەرمانبەر، کە لە یەک دامودەزگای حکوومیدا کار دەكەن. لێژنەكە بڕیاری دا لێژنەیەکی لاوەکی پێکبهێنرێت، تاوەکوو سەردانی وەزارەتی دارایی و كاروباری ئابووری بکەن، بۆ بەدواداچوون و گۆڕانکاریی پێویست لە ڕێنوێنییەكان، بهجۆرێك، كه لە بهرژهوهندی و پێویستیی دوو هاوسەری فەرمانبەردا بێت. پێشتر (باسنیوز) نووسراوێكی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانی بڵاو كردەوە، کە لە 14ی9ی 2022 دەرچووبوو، تیایدا هاتبوو: “نابێت فەرمانبەر لەگەڵ کەسی نزیکی پلە یەکی خۆی (هاوسەر، دایک، باوک، خوشک، برا، کوڕ و کچ) لە یەک فەرمانگە پێکەوە بن و پێکەوە دەوام بکەن.” ئاماژە بەوەش کراوە، بۆ چەند ناونیشانێک ئاساییە ئەو کەسانە لە یەک فەرمانگەش پێکەوە بن، هاتووە: “فەرمانبەرانی خزمەتگوزار (پاسەوان، پاککەرەوە، چایەچی، پۆستەبەر، باغەوان، شۆفێر) ئەگەر کەسی یەکەمیشیان لە یەک فەرمانگەدا بێت ئاساییە.” بڕیارەكە تەنیا بۆ بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەکانی وەزارەتی دارایییە، نەك هەموو وەزارەتەكان. لای خۆیەوە ئەڕشەد لۆلانی، ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان بە (باسنیوز)ی راگەیاند: “سەبارەت بە قەدەغەكردنی پێكەوە دەوامكردنی فەرمانبەرانی هاوسەر لە یەك فەرمانگەدا، سكاڵای زۆرمان بەدەست گەیشتووە، بۆیە ئێمە بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە دەكەین.” ئاماژەی بەوەش دا، لێژنەیەك لە ئەندامانی لێژنەی دارایی پێكهاتووە و سەردانی وەزیری دارایی دەكەن، گوتیشی: “ئەو بڕیارەی دەكراوە، قەدەغەكرنی دەوامكردنی هاوسەران تەنیا لە وەزارەتی داراییە، ئێمە دەمانەوێت كارئاسانی بۆ ئەو فەرمانبەرانە بكرێت و دەكرێت لە یەك فەرمانگەدا بن، بەڵام لە یەك هۆبە و بەشدا نەبن، ئێمە ناڵێن بڕیارەكەی دارایی نایاساییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەداین كارئاسانی بۆ ئە فەرمانبەرانە بكرێت.” ئەڕشەد لۆلانی، باسی لەوەش كرد بەشێك لە فەرمانبەرانی هاوسەر كە پێكەوە دەوام دەكەن، ئەگەر یەكێكیان بۆ فەرمانگەیەكی دیكە بگوازرێتەوە، ئەوا كێشەی زۆریان بۆ دروست دەبێت، گوتیشی: “ئێمە بۆیە سەردانی وەزارەتی دارایی دەكەین، بۆ ئەوەی ئەو كێشەیە چارەسەر بكرێت و خزمەتی بەرژەوەندیی گشتی بكرێت.”