ئەندامێکى پەرلەمانى عێراق ئاشکراى کرد تا کاتی هەڵبژاردنى سەرۆک و جێگرى سەرۆکى لیژنەکان، پەرلەمانى عێراق کارى لیژنە هەمیشەییەکانى پەرلەمانى راگرت. کاروان یاروەیس، پەرلەمانتارى کورد لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، بە (باسنیوز)ى ڕاگەیاند: “بەپێى یاسا تا کابینەى حکوومەت پێکنەهێندرێت سەرۆک و لیژنەکانى ناو پەرلەمان دانانرێن و ئەوەى کە هەیە بەپێى تەمەن و بۆ ماوەیەکى کاتى سەرۆک و جێگر دادەنرێن.” گوتیشى: “هۆکارى ئەو بابەتە ئەوەیە کە نابێت هەر وەزیرێک لە هەر کوتلەیەک دابنرێت ئەو لیژنەیەى پەیوەندی بە وەزیرەکەوە هەبێت سەرۆکەکەى لەو کوتلەیە بێت،بۆیە ئێستا کە کابینەى حکوومەتى عێراق پێکهێندراوە و ئەندامە جێگرەوەکانى ڕەوتى سەدریش بەسەر لیژنەکان دانراون دەبێ و سەرۆک و جێگرى لیژنەکانیش بە فەرمى دابندرێت و هەڵبژێردرێن.” باسى لەوەش کرد: “ئەمڕۆ بە بڕیارى سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق کارى لیژنەکانى پەرلەمان وەستێندرا تا ئەو کاتەى کە سەرۆک و جێگرى سەرۆکى لیژنەکان هەڵدەبژێردرێن کە بڕیارە هەفتەى داهاتوو ئەو پڕۆسەیە بەڕێوەبچێت.”
پەرلەمانى عێراق کارى لیژنە هەمیشەییەکانى راگرت
