دەسەڵاتى پێدانی ژمارەی سپاردن بۆ چاپکردنى کتێب دەدرێتە پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان

بەڕێوەبەرى گشتیى کتێبخانە گشتییەکان لە وەزارەتى ڕۆشنبیرى و لاوانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند، دەسەڵاتى پێدانی ژمارەی سپاردن بۆ چاپکردنى کتێبیان داوەتە دەست پێکهاتەکان، بۆ ئەوەى کتێب بە زمانى خۆیان چاپ بکەن. دیارى وەستا عەزیز، بەڕێوەبەرى گشتیی کتێبخانەکان، بە (باسنیوز)ى ڕاگەیاند: “بە شێوەیەکى گشتى ساڵانە لە هەرێمى کوردستان زیاتر لە پێنج هەزار ناونیشانى کتێب ژمارەی سپاردنیان پێ دەدرێت بۆ ئەوەى چاپ بکرێن، لەو ژمارەیەش ژمارەیەک کتێبی بە زمانى پێکهاتە نەتەوەوایەتییەکانى ناو هەرێمى کوردستان تێدایە”. گوتیشى: “پێدانى هەر ژمارەی سپاردنێکى کتێب بەپێى چەند مەرج و ڕێنوێنییەکە، بۆیە بە هەمان مەرج و ڕێکارەکانەوە دەسەڵاتى پێدانى ژمارەی سپاردنمان داوەتە پێکهاتە نەتەوایەتییەکانى دیکەی وەک کلد و ئاشووری و ئەرمەنی بۆ خزمەتکردنى زمانەکەیان، ئەوەش دەستکەوتێک بوو کە خۆشبەختانە حکوومەتى هەرێمى کوردستان ڕەزامەندیی لەسەر دا”. باسى لەوەش کرد: “لە زۆربەى وڵاتان پێدانى ژمارە سپاردن بە نووسەران بە بڕێک پارەیە، بەڵام لە هەرێمى کوردستان بێبەرانبەرە، ئەوەى کە ئێستا هەیە بیرۆکەیەکە،  ئەویش ئەوەیە ئەگەر نووسەرێک، یان وەرگێڕێک، یان دەزگایەک داوای ژمارەی سپاردن بکات، پێویستە ڕەهەندێکى یاسایی زیاتری بدرێتێ و لە بەرانبەر ژمارەى سپاردنەکەدا پوولێکی پێنج هەزار دیناریى پێ بدرێت، بەڵام تا ئێستا ئەوە نەبووەتە بڕیار”.