رێكارێك بۆ بە هەمیشەییكردنی فەرمانبەرانی گرێبەست دەگیرێتە بەر

بۆ دامەزراندن و بە هەمیشەییكردنی فەرمانبەرانی گرێبەست، حكوومەتی هەرێمی كوردستان رێكارێك دەگرێتە بەر و میلاكی پێویستی بۆ دابین دەكات. ئەنجوومەنی گشتیی راژەی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، بە نووسراوێك، كە لە رێگەی ئەنجوومەنی وەزیران ئاڕاستەی وەزارەتەكانی کردووە و کۆپییەکی دەست (باسنیوز) کەوتووە، ئاماژەی بەوە کردووە، كە بەمەستی دامەزراندن و بە هەمیشەییكردنی فەرمانبەرانی گرێبەست، داوای چەند زانیارییەكی كردووە. بەپێی نووسراوەكە داوای هەموو ئەو میلاكانە كراوە، كە لە 1ی1ی 2022 بۆ 31ی 12ی 2022 میلاكی بەتاڵن و كەسەكان لە وەزیفە نەماون.ئەوەش هاتووە: “ئەوانەی لە ساڵی رابردوودا خانەنشین بوون، یاخود دەستیان لەكار كێشاوەتەوە، یاخود كۆچی دوایییان كردووە، یان بەهەر هۆكارێكی دیكە لە وەزیفە نەماون، زانیارییەكانیان بنێرن.” ئەنجوومەنی گشتیی راژە جەختی كردووەتەوە، ئەو رێكارە بەمەبەستی جێبەجێكردنی بڕیاری 178ی ئەنجوومەنی وەزیرانە بۆ دامەزراندن و بە هەمیشەییكردنی فەرمانبەرانی گرێبەست. ساناو فەرەیدوون جوانڕۆیی، سەرۆكی فەرمانگەی كارگێڕی و دارایی ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “ئەنجوومەنی وەزیران پێشتر ئەنجوومەنی راژەی راسپاردووە، بۆ ئەوەی رێكارەكانی بە هەمیشەییكردنی فەرمانبەرانی گرێبەست لە رێگەی بوونی میلاكی پێویست بگرێتە بەر، ئەوەش یەكێكە لەو رێكارانە.” لە دامودەزگاكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا، زیاتر لە 28 هەزار فەرمانبەری گرێبەست هەنە و ساڵانە گرێبەستەكانیان بۆ تازە دەكرێتەوە.ساڵی پێشوو لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستاندا، دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوەیەکی بەرفراوان، دیدگا و ستراتیژی ئەنجوومەنی ڕاژەی گشتی پەسەند کرا، هەر لەم ڕوانگەیەشەوە، ئەنجوومەنی ڕاژەی گشتی ڕاسپێردرا، بە تاوتوێکردنی بابەتی دامەزراندنی هەڵگرانی بڕوانامەی باڵا و کارمەندانی گرێبەست لە دامەزراوەکان، لەبەر ڕۆشنایی دیدگا و ستراتیژی پەسەندکراوی ئەنجوومەنی ڕاژەی گشتی.پێشتر سیراج بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی گشتیی ڕاژە، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: “ئەنجوومەنی وەزیران ئێمەی ڕاسپاردووە و بەرنامەمان هەیه، کە گرێبەستەکان بکرێنە هەمیشەیی، ئەویش بەپێی پڕۆژەیەك و بەپێی دیاریکردنی میلاکی بەتاڵ و پەسندکراو.”