شاخەوان عەبدوڵا ئەو لایەنەی ئاشکرا کرد کە لە پشت بڕیارەکانی دادگای فیدراڵییە لە دژی کوردستان

ئەمڕۆ هەینی د.شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئەو لایەنەی ئاشکرا کرد کە لە پشت بڕیارەکانی دادگای فیدراڵییە لە دژی هەرێمی کوردستان و رای گەیاند كە هەمان ئەو لایەنە فەرمانی بە وەزیری دارایی عێراقیش کردبوو پارە بۆ هەرێمی کوردستان نەنێرێت. جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە هەژماری خۆیدا لە (فەیسبووك) نووسیویەتی: “با تەنها بریاری دادگا نەبینین، پێش بریاری دادگای فیدراڵی، ماوەی نزیکەی دوو مانگە لایەنێک وەزیری دارایی عێراقی ئاگادار کردەوە لەوەی بڕیاری ناردنی 400 ملیارەکەی هەرێم رابگرێت و رەوانەی نەکات، هەمان ئەو لایەنە پەرلەمانتارەکەشی راسپارد بۆ ئەوەی ئیمزا لەسەر سکاڵایەک بکات و پێشکەشی دادگای بکات لە دژی ناردنی ئەو پارەیە، بێ ئەوەی ناوەرۆکەکەی بخوێنێتەوە، هەر هەمان لایەن فەرمانی بەدادگای فیدراڵی کرد بریارەکەی لە بەرژەوەندیی سكاڵاکە بێت و لە دژی هەرێم بڕیار بدات، هەمان لایەنە دەستی هەیە لە بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار لە رێگای بەقاچاغبردن و ئاودیوکردنی سەدان ملیۆن دۆلاری رۆژانە.” هەروەها نووسیویەتی: “بەداخەوە هەمان ئەو لایەنە فەرمانی بەدادگای فیدراڵی کرد بریار لە دژی یاسای نەوت و گازی هەرێم بدات، ئەو لایەنە هەرکات نزیکبوونەوە لە نێوان هێز و لایەن و پێکهاتەکانی عێراق دروست بێت، هەوڵی تێکدانی ئەو یەکریزی و تەباییە دەدات، چونکە یەکریزی پێکهاتەکانی عێراق بە مەترسی بۆ سەر بەژەوەندییەکانی خۆی دەزانێت، ئەوەی جێگای سەرنجە کارەکتەرەکانی ئەو لایەنە بۆ جێبەجێکردنی ئەجینداکانی لە عێراق، هێزێکی ناوخۆیی عێراقە و بەشێکیشە لە هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت.” جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئەوەشی نووسیوە كە مێژوو شاهێدە هۆکاری سەرەکیی لەناوچوونی رژێمەکانی حوکمرانی لە عێراق، بە روخانی دادگاکانی “الثورە”شەوە، بەهۆی دەستدرێژی و پێشێلکردنی مافە دەستورییەکانی خەڵکی کوردستانەوە بووە. لە كۆتاییشدا نووسیویەتی: “هیواخوازین هێز و لایەنە سیاسییەکانی عێراق هەڵوێستی روونیان هەبێت لەمەر ئەو پێشێلکارییانەی لە دژی هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت، دڵنیابن سنوورێک بۆ زیادەرۆییەکانی دادگای فیدراڵی دادەنرێت، لە کۆتاییدا ئەو لایەنە هەرچەند هەوڵی دوژمنکارانە بدات، لە بەرامبەردا سەرکردایەتی و خەڵکی کوردستان هاوشێوەی چیاکانی کوردستان بەبەرزی و خۆراگری دەمێننەوە.”