وەزارەتى شەهیدان راگەیاندراوێکی لە ساڵیادی شەهیدانی یەکی شوبات بڵاو کردەوە

وەزارەتى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان لە 19ەیەمین ساڵیادی شەهیدانی یەکی شوبات راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە. لە راگەیاندراوەکەی وەزارەتی کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان هاتووە: “پێش 19ساڵ و لەڕێکەوتی 1ى شوباتى ساڵى 2004، تیرۆریستانی تاریک ویست لە دوو کردەوەى خۆکوژیدا لە شارى هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان 103 بەرپرسى حکومى و سەرکردە و کادیر و پێشمەرگە و هاووڵاتییان شەهیدکرد و ژمارەیەکى تریش بریندار بوون”. ئەوەش خراوەتە روو: “ئەگەر چى تیرۆریستان ئەو کارە قێزەوونەیان بۆ تێکدانى ئاشتى و گیانى لێبوردەیى و خۆشیەکانى جەژن بوو بەڵام خوێنى شەهیدان و قوربانیەکان بوونە هەوێنى زیاتر بەهێزکردنى گیانى پێکەوەژیان و تەبایى و یەکێتى ڕیزەکانى گەلى کوردستان، ئەمساڵیش کە یادى شەهیدان و قوربانییانی ئەوکارەساتە دەکەینەوە لەگەڵ ناردنى دروود بۆ گیانى شەهیدانى کوردستان، گەل و حکومەتى هەرێمى کوردستان لە کاتێکدا شانازى بە ئاسایش و ئارامى کوردستان و خۆڕاگرى لە ئاست هەموو کارەسات و قەیرانەکان دەکات و لە هەمانکاتدا جەخت لە یەکخستنى هەوڵەکان دەکەینەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر و تیرۆریزم”. ئاماژە بەوەش دراوە: “هیوادارین ئەم بۆنانە هاندەرى زیاتر بەهێزکردنى سەروەرى کوردستان و یەکێتى ڕیزەکانى گەلەکەمانبێت، ئێمەش لە وەزارەتى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان ، بیرەوەرى شەهیدان و قورباییان بەرز و زیندوو ڕادەگرین و وەک هەمیشە لە هەوڵى بەردەوامداین بۆ خزمەتکردنى کەسوکارى شەهیدان”.