بەدواداچوون بۆ وەستانى کارەکانى پاککردنەوەى بەنداوى سەروچاوە دەکرێ

ماوەى دوو مانگە کارکردن لە پاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەى بەنداوى سەروچاوە لە ئیدارەى ڕاپەڕین وەستاوە و ئەندامێکى ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانییش دەڵێت بەدواداچوونمان بۆ هۆکارى وەستانەکەى دەست پێ کردووە. ئیبراهیم مەحموود، بەڕێوەبەرى ناحیەى بێتواتە لە ئیدارەى ڕاپەڕین بە (باسنیوز)ى ڕاگەیاند: “دواى تەرخانکردنى بودجە لەلایەن حکوومەتى هەرێمى کوردستان و بە هاوکاریى ڕێکخراوێکى بیانى بڕیار درا کە بەنداوى سەروچاوە کارى پاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەى بۆ بکرێت بۆ ئەو مەبەستە بەنداوەکە بەتاڵ کرا و هەندێ کارى سەرەتایى کرا، بەڵام بەداخەوە ماوەى نزیکەى دوو مانگە بێ ئاگادارکردنەوەى ئێمە کارەکە جێ هێڵدراوە”. گوتیشى: “بۆ ئەو مەبەستە ئیدارەى ڕاپەڕینمان ئاگادار کردووە و داواى بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەمان لێ کردوون و چاوەڕێی وەڵامى ئەوان دەکەین”. کاسترۆ مەعرووف، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى، بە (باسنیوز)ى ڕاگەیاند: “ئەو بەنداوە بۆ نۆژەنکردنەوە و پاککردنەوە بەتاڵ کراوە، ئەگەر تا چەند مانگێکی دیکە کارەکە تەواو نەکرێت و دەرگاکانى تێ نەخرێتەوە و ئاوى تێدا گل نەدرێتەوە، ئەوا بە سەدان جووتیارى سنوورەکە دەکەونە زەرەر و زیانەوە، بۆ ئەو مەبەستە لە ڕێگەى سەرووى خۆمانەوە لایەنى پەیوەندیدارمان ئاگادار کردووەتەوە”.