تیمی فریاگوزاریی حكوومه‌تی هەرێمی كوردستان باوك و كچێكیان لە توركیا رزگار كرد

ئەندامی تیمی وەڵامدانەی خێرای مرۆیی پارێزگای هەولێر، زانیاری له‌سه‌ر ئه‌و كچ و باوكه‌ ده‌خاته‌ڕوو كه‌ كاتژمێر هەشتی ئه‌مشەو هاواریان كرد كه‌ ماون و پێش كەمێك لەلایەن تیمی فریاگوزاریی حكوومه‌تی هەرێمی كوردستانەوە رزگار كران. به‌ختیار خالید سه‌عید، ئەندامی تیمی وەڵامدانەی خێرای مرۆیی پارێزگای هەولێر، كە یه‌كێكیشە له‌ ئه‌ندامانی تیمی فریاگوزاریی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ئیسلاحیه‌ی توركیا بۆ (باسنیوز) گوتی: “سوپاس بۆ خودا دوای ئه‌وه‌ی ئاگادار كراینه‌وه‌ كه‌ بینایه‌ك دەروخێنرێ و سه‌رجه‌م ته‌رمه‌كان ده‌ردەهێندرێن، چونكه‌ كه‌سی زیندووی تێدا نه‌ماوه‌، به‌ڵام پێش رووخاندنی، دووباره‌ بیناكەیان پشكنیوە، ده‌ركه‌وتووە كه‌ باوك و كچێك بە زیندوویی ماون، كاتژمێر هەشتی شەو به‌مه‌یان زانی، كه‌مێك پێش ئێستا هه‌ردوو كه‌سه‌كە له‌لایه‌ن تیمی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ رزگار كران و گه‌یه‌نرانه‌ نه‌خۆشخانه‌.” به‌ختیار خالید گوتیشی تیمەكانیان شەو و ڕۆژ خه‌ریكی كاركردنن بۆ ده‌رهێنانی ته‌رمەكان و رزگاركردنی ئه‌وانه‌ی كه‌ زیندوو ماون.