دوای 80 سەعات مانەوە لەژێر باڵەخانە ڕووخاوەكانی شاری هەتای، ئافرەتێكی تەمەن 40 ساڵان لەلایەن تیمەكانی فریاگوزارییەوە ڕزگار كرا. دوای ئەوەی بوومەلەرزە لە هەتای دا، نیوەی شارەكە ڕووخا و سەدان باڵەخانەش لەگەڵ زەوی تەخت بوو، بەڵام جاروبار هەواڵی خۆش دەگاتە میدیاكان، بەوەی كەسێك بە موعجیزە ڕزگاری بووە، سەلما حەسار یەكێكە لەو ئافرەتە ڕزگاربوانە. سەلما ماوەی 80 سەعات لەژێر یەكێك لە باڵەخانەكانی هەتای مابووەوە، بەڵام تیمەكان توانییان ڕزگاری بكەن و یەكسەر بۆ نەخۆشخانەیان ڕەوانە كرد. بە گوێرەی زانیارییەكان، سەلما باری تەندروستیی باش نییە، بەڵام توانراوە لە مردن ڕزگار بێت و ئێستا چارەسەر وەردەگرێت. لەناو شاری هەتای، 140 كارمەندی فریاگوزاری كار دەكەن بۆ ئەوەی، ئەوانەی كەوتوونەتە ژێر باڵەخانەكان ڕزگار بكەن.
لە هەتای دوای 80 سەعات ئافرەتێک ڕزگار كرا
