گوتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین ڕایگەیاند، هەڵمەتێکی دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێمۆڵەتیان لە کافتریاکانی سنوورەکە دەست پێ کردووە. شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “هەڵمەتەکە لەناو کافتریا و ئەو شوێنانە بەڕێوە دەچێت کە گەنجانی تێدا کۆ دەبنەوە و ئامانج لێی دەستبەسەرداگرتنی چەک و چەقۆ و خەنجەر و بۆکسە”. گوتیشی: “ئەو هەڵمەتە لەپێناو کەمکردنەوە و نەهێشتنی حاڵەتەکانی شەڕکردن و کوشتنە و درێژەی دەبێت”. باسی لەوەش کرد: “بێجگە لەو شوێنانە هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێمۆڵەت لە شوێنەکانی دی بەردەوامە”.