نهێنیی پێشبینییەكەی توێژەرە هۆڵەندییەكە لەبارەی بوومەلەرزەكەی توركیا ئاشكرا بوو

ئەمڕۆ یەكشەممە تۆڕی هەواڵی (سكای نیوز) بڵاوی كردەوە كە نهێنیی پێشبینییەكەی توێژەرە هۆڵەندییەكە لەبارەی بوومەلەرزە بەهێزەكەی توركیا و سووریا، لەلایەن دەستەی ڕووپێوی جیۆلۆجیی ئەمریكاوە ئاشكرا كراوە. دوای ئەوەی چەند رۆژێكی كەم بەر لە بوومەلەرزەكەی توركیا و سووریا لە رۆژی شەشی ئەم مانگە، فرانك هۆگێربێتس توێژەرێكی هۆڵەندی پێشبینی روودانی بوومەلەرزەكەی كردبوو، ئەمەش بووە هۆی ئەوە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و میدیا جیهانییەكانەوە بە سەرسڕمانەوە بێتە باسكردن، ئەمڕۆ (سكای نیوز) بڵاوی كردەوە كە پێشبینییەكەی توێژەرە هۆڵەندییەكە ورد نەبووە، بەڵكو پێشبینییەكی ئاسایی بووە بۆ ڕووداوێك كە ئەمڕۆ یان سبەی هەر دەبوایە ڕووبدات. بەپێی هەواڵەكە، توێژەرە هۆڵەندییەكە رای گەیاندبوو كە درەنگ یان زوو، بوومەلەرزەیەك بە هێزی 7.5 بە پلەی ڕێختەر، توركیا و ناوچەكە دەهەژێنێت، بەبێ ئەوەی كاتەكە دەستنیشان بكات، چەندین توێژەرەری بواری بوومەلەرزە رەخنەیان لە توێژەرە هۆڵەندییەكە گرتووە بەوەی جووڵەی هەسارەكانی بە روودانی بوومەلەرزەوە بەستووەتەوە، لە كاتێكدا هیچ شیكردنەوەی زانستی لەم ڕووەوە لە ئارادا نییە، هەروەها پێیانوایە پێشبینییەكەی كردوویەتی وەكو ئەوەیە پێشبینی روودانی بەفربارین لە رووسیا بكەیت لە وەرزی زستاندا، بەبێ ئەوەی رۆژەكە دەستنیشان بكەیت. لە لایەكی دیكەوە دەستەی ڕووپێوی جیۆلۆجیی ئەمریكی سێ مەرجی داناوە بۆ پێشبینیكردنی روودانی بوومەلەرزە، كە بریتیین لە پێشبینیكردنی كاتی روودانی بوومەلەرزەكە، شوێنی بوومەلەرزەكە و هێزی بوومەلەرزەكە، بەبێ بوونی ئەو سێ رەگەزە، هیچ پێشبینیكردنێكی بوومەلەرزە ناچێتە بازنەی زانستەوە و وەكو پێشبینییەكی نازانستی و لە چوارچێوەی ئەگەری هەڕەمەكیدا دەمێنێتەوە.