قەتەر ئەو 10 هەزار كۆنتێنەرەی بۆ مۆندیاڵی جامی جیهانیی بەكار دەهێنا، هەمووی بۆ توركیا و سووریا دەنێرێت و دەکرێ وەكوو خانوو بەكار بهێنرێن. بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی لە میدیاكانی توركیا بڵاو كراونەتەوە، قەتەر 10 هەزار كۆنتێنەر و كارەڤانە بۆ زیانلێكەوتوانی بوومەلەرزەكەی 6ی شوبات لە توركیا و سووریا دەنێرێت تا بتوانن وەكوو خانوو بەكاری بهێنن. بەرپرسێكی قەتەری قسەی بۆ ئاژانسی (AFP) كردووە، دەڵێت توركیا و سووریا پێویستیان بە هاوكاریی بەپەلە هەیە، بیرمان لەوە كردەوە كە بۆ ئێستایان كۆنتێنەر و كارەڤانە زۆر گرنگە، بۆیە بۆیان دەنێرین. بە گوێرەی زانیارییەكان، كۆنتێنەرەكان لە ڕێگەی كەشتی و لە مینای قەرەتەرەوە دەگاتە توركیا، هەموو كۆنتێنەرەكانیش ئەمڕۆ 13/2/2023 لە قەتەرەوە بەرەو توركیا بەڕێ كەوتووە و بەشێكیشی بۆ سووریا دەنێردرێت. قەتەر، ئەو كۆنتێنەرانەی بۆ جامی جیهانیی 2022 بەكار هێنابوو، دوای تەواوبوونی جامی جیهانی بەڵێنی دابوو كە كۆنتێنەرەكان دەبەخشێتەوە. قەتەر هەر دوای بوومەلەرزەكە تیمێكی 130 كەسیی ناردە توركیا بۆ ڕزگاركردنی ئەوانەی كەوتوونەتە ژێر باڵەخانەكان جیا لەوەی 100 تەن هاوكاری بۆ توركیا ناردووە.