دوای خستنە خوارەوەی چەند تەنێكی نەناسراو و بڵاوبوونەوەی دەنگۆی فڕینی باڵۆنی سیخووڕیی چینی بە ئاسمانی ئەمریكادا، ژەنەراڵێكی ئەمریكی ئەگەرێكی نوێی خستە بەر گوێی میدیاكانی جیهان و رای گەیاند كە بە دووری نازانێت ئەو باڵۆنانەی بە ناوی باڵۆنی چینی خراونەتە خوارەوە، تەنی ئاسمانی نەناسراو بووبن و لە دەرەوەی هەسارەی زەوییەوە هاتبن. ئەمڕۆ دووشەممە كەناڵی (DW)ی ئەڵمانی لە راپۆرتێكدا ئاماژەی بە لێدوانێكی سەرنجڕاكێشی ژەنەراڵ گلیندی ڤانهێرك فەرماندەی فەرماندەیی باكووری ئەمریكا و فەرماندەی هێزی بەرگریی ئاسمانیی ئەمریكای باكوور داوە كە شەوی دوێنێ یەكشەممە گوتبووی، بە دووری نازانێت ئەو تەنانەی لە ئاسمانی ئەمریكا بیندراون و خراونەتە خوارەوە، لە دەرەوەی هەسارەی زەوییەوە هاتبن و یان هەر لێكدانەوەیەكی تر هەڵبگرن. ئەم لێدوانەی ژەنەراڵە ئەمریكییەكە دوای ئەوە دێت كە هێزەكانی سوپای ئەمریكا لە سەرەتای ئەم مانگەوە، چوار باڵۆنیان لە ئاسمانی وڵاتەكە خستووەتە خوارەوە، بەو گومانەی كە باڵۆنەكان هی وڵاتی چین بوون و بۆ مەبەستی سیخووڕی بەرانبەر ئەمریكا بەكار هێندراون، سەرباری ئەوەی مەترسییان بۆ هاتوچۆی فڕۆكە گەشتیارییەكانی ئەمریكا دروست كردبوو. ژەنەراڵ گلیندی هەروەها لە وەڵامی پرسیارێكی تری میدیاكاندا لەبارەی ئەگەری هەبوونی پەیوەندیی لە نێوان ئەو تەنە نەناسراوانەی لە ئەمریكا خراونەتە خوارەوە، گوتوویەتی: “هیچ ئەگەرێك بە دوور نازانم، ئەم بابەتە بۆ دەزگا هەواڵگرییەكانمان لێدەگەڕێم، تا لە بنەوانی بكۆڵنەوە، ئێمە لەم قۆناغەدا تەنها چاودێری دۆخەكە دەكەین و هەڵسانگاندن بۆ هەر مەترسییەكی نەزاندراو دەكەین كە لە ئەمریكای باكوور نزیك بێتەوە.” جێی باسە ئەم لێدوانەی دوێنێ شەوی ژەنەراڵە ئەمریكییەكە دوابەدوای ئەوە هات كە وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا لە ڕێگەی فڕۆكەیەكی F16ەوە، تەنێكی ئاسمانی شێوە هەشتپاڵووی لە ئاسمانی دەریاچەی هۆرۆن لەسەر سنووری نێوان ئەمریكا و كەنەدای بە فەرمانی راستەوخۆی جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا خستە خوارەوە. ئەم پێشهاتە نوێیەش هاوكاتە لەگەڵ رانەگەیاندنی هیچ هەڵوێستێكی ڕوون و یەكلاكەرەوە لەلایەن چین یان ئەمریكاوە لەبارەی پێكهاتە و راستیی ئەو (باڵۆنە چینییانە)ی لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا بوونە بابەتی ناكۆكییەكی نوێی نێوان پەكین و واشنتۆن.