سعوودیە (بن لادن)ی بە 20 ملیۆن ریال سزا دا

ئەمڕۆ سێشەممە دادگایەكی سعوودیە بڕیارێكی نوێی لەبارەی دۆسیەی كەوتنە خوارەوەی بەرزكەرەوەكەی (حەرەمی مەككە) دەركرد، كە بە هۆیەوە دەیان حاجی لە ساڵی 2015دا گیانیان لەدەست دا، لەمبارەیەوە كۆمپانیای بن لادنی سزا دا. ڕۆژنامەی (عوكاز)ی سعوودی بڵاوی كردەوە كە دادگای شاری مەككە بڕیاری داوە بە سزادانی كۆمپانیای بن لادن بەهۆی پشتگوێخستن و لەبەرچاو نەگرتنی بنەماكانی سەلامەتی، بەم هۆیەوە بە پێ بژاردنی 20 ملیۆن ریالی سعوودی كە دەكاتە پێنج ملیۆن و 300 هەزار دۆلاری ئەمریكی، سزای داوە. هەروەها لەسەر هەمان دۆسیە، سێ تۆمەتبار بڕیاری بەندكردنیان بۆ دەركرا بۆ ماوەی شەش مانگ و پێ بژاردنی بڕی 30 هەزار ریالی سعوودی، چوار كەسی تریش بە سێ مانگ بەندكردن سزا دەدرێن، لەگەڵ پێ بژاردنی 15 هەزار ریالی سعوودی.