پلانى زیادکردنى بەرهەمهێنانى جۆرەکانى دانەوێڵە دادەنرێت

بەرپرسێکى وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاوى حکوومەتى هەرێمى کوردستان ئاماژە بەوە دەکات کە بەپێى پلانێک هەوڵ بۆ زیادکردنى جۆرەکانى بەروبوومى دانەوێڵە دەدەن. ڕێژین سدیق، بەڕێوەبەرى دانەوێڵە لە وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو بە (باسنیوز)ى ڕاگەیاند: “بەهۆى پڕنەکردنەوەى پێویستیى ناوخۆ بە گەنم و بەبازاڕبوونى کە ساڵانە لەلایەن حکوومەتەوە لە جووتیاران وەردەگیرێتەوە تا ئێستا بایەخى یەکەممان لە جۆرى دانەویڵە بە گەنم داوە. گوتیشى: “کەشوهەوا و خاکى هەرێمى کوردستان بەشى بەرهەمهێنانى گەنمى زیاد لە پێویستى ناوخۆ و دانەویڵەکانى دیکەش دەکات، بۆیە پلانمان وایە کە بایەخ بە زیادکردن و هەمەجۆرکردنى بەروبوومەکانى دیکەى دانەویڵە بدەین”. ڕێژین سدیق باسى ئەوەشى کرد: “ناوەڕۆکى پلانەکە ئەوەیە دواى ئەوەى پێداویستیى ناوخۆمان بە گەنم پڕ کردەوە هەوڵ بدەین بازاڕ بۆ بەروبوومى برنج و جۆ و جۆرەکانى دیکەى دانەویڵە بدۆزینەوە، بەڵام پێویستیشە چاندنى ئەو بەروبوومانە بە پلان بێت، بەتایبەت برنج کە ئاوێکى زۆرى دەوێت و دەتوانرێت بە شێوەى دڵۆپاندن و شێوازێکى وا بچێندرێت کە ئاوێکى کەمى بوێت”.