ماڵپەڕی بلۆمبێرگ لەسەر زاری دوو دیپڵۆماتکارەوە ڕایگەیاندووە، پشکنەرانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی وزەی ناوەکی هەفتەی ڕابردوو یۆرانیۆمی پیتێنراو بە ڕێژەی 84٪یان لە ئێران دۆزیوەتەوە، کە ئەم ڕێژەیە زۆر کەمی ماوە بۆ ئەوەی لە دروستکردنی بۆمبی ناوەکیدا بەکار دەهێنرێت. بلۆمبێرگ لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات کە پێ دەچێت چالاکییە ناوەکییە کۆنترۆڵنەکراوەکانی ئێران قەیرانێکی نوێی لە ناوچەکە و جیهاندا لێ بکەوێتەوە. بە گوێرەی ڕاپۆرتەکەی ماڵپەڕی بلۆمبێرگ، ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی وزەی ناوەکی هەوڵ دەدات بزانێت کۆماری ئیسلامیی ئێران چۆن توانیویەتی یۆرانیۆمی بە ڕێژەی 84٪ پیتێنراو پاشەکەوت بکات. ئەوە بەرزترین ڕێژەیە کە پشکنەرانی ڕێکخراوەکە لە ئێران دۆزیویانەتەوە و تەنیا بە ڕێژەی 6٪ی ماوە بۆ ئەوەی ڕێژەی پیتاندنەکەی بگاتە ئەو ئاستەی بۆ دروستکردنی بۆمبی ناوەکی پێویستە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە پێشتر حکوومەتی ئێران بە ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی وزەی ناوەکیی گوتبوو، سانتریفیوژەکانی بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم تا ڕێژەی 60٪ ئامادە کراون. دەبێت پشکنەران ڕوونی بکەنەوە کە ئاخۆ ئێران بڕێکی زۆر یۆرانیۆمی بەو ڕێژە بەرزە پیتاندووە، یان خەستییەکەی بەهۆی کۆبوونەوەی نەخوازراو لەو تۆڕی بۆڕییانەدا پەیدا بووە کە سەدان سانتریفیوژی زۆر خێرا بۆ لێک جیاکردنەوەی ئیزۆپەکان پێکەوە دەلکێنن. یەکێک لە دیپلۆماتکارەکان بە بلۆمبێرگی گوتووە، تەنانەت ئەگەر دەرکەوێت ئەو خەستییەی یۆرانیۆم بەهۆی هەڵەی تەکنیکییەوە لە تاڤگەی سانتریفیوژەکاندا کۆ بووەتەوە، بابەتەکە مەترسیی بڕیاری ئێران بۆ بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراو نیشان دەدات. ئەوە دووەمین جارە کە هەر لەم مانگەدا چاودێران و پشکنەرانی نێودەوڵەتی چالاکیی گوماناویی ئێران سەبارەت بە پیتاندنی یۆرانیۆم ئاشکرا دەکەن. لەم بارەیەوە، بێهرووز کەمالوەند، گوتەبێژی ڕێکخراوی وزەی ناوەکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕاپۆرتەکەی ماڵپەڕی بلۆمبێرگی ڕەت کردووەتەوە و پێی وایە بڵاوکردنەوەی بەدبینی و بە لاڕێدابردنی ڕاستییەکانە و جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە وڵاتەکەی تا ئێستا لە سەرووی ڕێژەی 60٪ەوە یۆرانیۆمی نەپیتاندووە.
بلۆمبێرگ: ئێران یۆرانیۆمی بە ڕێژەی 80٪ پیتاندووە و زۆر نزیکە لە دروستکردنی بۆمبی ناوەکی
