ئەمڕۆ دووشەممە 27/2/2023، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووکدا بڵاوی کردەوە کە پرۆسەى دابەشکردنی نەوتی سپی لە ناوچە شاخاوییەکان کۆتایی هاتووە و پرۆسەکە لە دەوروبەرى شار و شارۆچکەکان بەردەوامە. وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئاماژەی بەوە داوە کە تاکوو ئێستا 72 ملیۆن و 231 هەزار و 348 لیتر نەوتی سپی، بەسەر هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستاندا لە پارێزگا جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان دابەش کراوە کە پرۆسەى دابەشکارییەکە بەم شێوەیە بووە: لە پارێزگاى هەولێر 31 ملیۆن و 507 هەزار و 600 لیتر دابەش کراوە و 157 هەزار و 538 خێزان لێی سوودمەند بوون. لە پارێزگاى سلێمانی 24 ملیۆن و 97 هەزار و 800 لیتر دابەش کراوە و 120 هەزار و 489 خێزان لێی سوودمەند بوون. لە پارێزگاى دهۆک 15 ملیۆن و 986 هەزار و 800 لیتر دابەش کراوە و 79 هەزار و 934 خێزان لێی سوودمەند بوون. لە پارێزگاى هەڵەبجەش 639 هەزار و 148 لیتر دابەش کراوە و سێ هەزار و 195 خێزان لێی سوودمەند بوون، بەوەش کۆى گشتیی نەوتی دابەشکراو لە هەرێمی کوردستاندا 72 ملیۆن و 231 هەزار و 348 لیتر بووە و 361 هەزار و 156 کەس لێی سوودمەند بوون. جەخت لەوەش کراوەتەوە کە پرۆسەى دابەشکردنی نەوتی سپی لە پارێزگا و دەوروبەرى شارەکان بەردەوام دەبێت، تاکوو تەواوى هاووڵاتییان لێی سوودمەند دەبن.