ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، لە ڕێگەی چەند دیپلۆماتكارێكەوە پەیامی بۆ ناتۆ ناردووە، كە هەڵبژاردنی توركیا لە 14/5/2023 ئەنجام دەدرێت، دوای هەڵبژاردن و لە مانگی تەمووزدا، لە پەرلەمانی وڵاتەكەی بڕیار لەبارەی ئەندامبوونی سوید و فینلەندا دەدات لە ناتۆ، بەو مەرجەی لە هەڵبژاردن سەر كەوێت. موراد یەتكین، ڕۆژنامەنووس و نووسەری توركیا، زانیاری وەرگرتووە كە ئەردۆغان لە ئەگەری سەركەوتنی لە هەڵبژاردندا، لە مانگی تەمووزدا ڕازی دەبێت كە سوید و فینلەندا ببنە ئەندامی ناتۆ، چونكە نایەوێت ئەمریكا و ناتۆ لە خۆی دوور بخاتەوە. بە گوێرەی زانیارییەكان، ئۆپۆزسیۆنی توركیا، بەڵێنیان بە سوید و فینلەندا داوە، ئەگەر هەڵبژاردن ببەنەوە، ڕێگە دەدەن ببنە ئەندامی ناتۆ، بۆیە ئەردۆغان نایەوێت بەر لە هەڵبژاردن، هیچ لایەنێكی دەرەكی پشتگیری لە ئۆپۆزسیۆن بكات و بۆ خۆی دەستپێشخەریی كردووە و دەڵێت لە ئەگەری سەركەوتنم، ڕێگە دەدات ئەو دوو وڵاتە ببنە ئەندامی ناتۆ.