بوومەلەرزەكەی 6ی شوبات هیچ كاریگەرییەكی لەسەر كەرتی گەشتیارy لە توركیا نەبووە، چونكە هەموو ئەو كۆمپانیایانەی لە ئەورووپاوە گەشتیار دەهێننە توركیا، گەشتەكانیان ڕانەگرتووە و هیچ گەشتیارێكیش نەیگوتووە پەشیمان بوومەتەوە لە هاتنم بۆ توركیا. بوومەلەرزەكەی 6ی شوبات كاریگەریی لەسەر 10 شاری توركیا هەبووە، بەشێك لەو شارانە پێش بوومەلەرزەکە گەشتیار ڕووی تێ كردوون، بەڵام زیاتر لە 90%ی گەشتیارانی بیانی ڕوو لەو شارانەی توركیا دەكەن كە بوومەلەرزەی تێیاندا ڕووی نەداوە. وەزارەتی گەشتوگوزاری توركیا بڵاوی كردووەتەوە، ساڵ بە ساڵ كەرتی گەشتیاری لە توركیا جووڵەی زیاتر بە خۆیەوە دەبینێت و ڕێژەی گەشتیاریش زیاد دەكات. بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی لەلایەن حكوومەتی توركیاوە بڵاو كراوەتەوە، لە 2022دا، ڕێژەی گەشتیار بۆ توركیا 51% زیادی كردووە و 51 ملیۆن گەشتیار لە هەموو جیهانەوە هاتوونەتە توركیا. هەر بە گوێرەی زانیارییەكان، لە 2022دا داهاتی كەرتی گەشتیاری لە توركیا 46 ملیار دۆلار بووە، ئەمەش لە كاتێكدایە لە 2019 داهات 38 ملیار و 900 ملیۆن دۆلار بووە. حكوومەتی توركیا بەنیازە بۆ 2023 كەرتی گەشتیاری زیاتر ببووژێنێتەوە، هەروەها داهاتی كەرتی گەشتیاری بۆ سەرووی 50 ملیار دۆلار بەرز بكاتەوە. بە گوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی (euronews) بەشی توركی، بوومەلەرزە هیچ كاریگەریی لەسەر كەرتی گەشتیار نابێت، چونكە ئەو شوێنانەی گەشتیاریان بۆ دەچێت بوومەلەرزە لێی نەداون، وەكوو ئیستانبوڵ، ئەنتاڵیا، ئیزمیر، بۆدرووم، مارماریست و زۆر شوێنی تریش. ئیستانبوڵ بەردەوام ڕێژەی پێوانەیی شكاندووە لەڕووی هاتنی گەشتیارەوە و هیچ شارێكی توركیا ئەوەندەی ئیستانبوڵ گەشتیاری بۆ نەهاتووە، تەنیا لە 2022دا 16 ملیۆن گەشتیار ڕوویان لە ئیستانبوڵ كردووە و بەرنامە هەیە بۆ 2023 ئەو ڕێژەیە بەرز بكرێتەوە.
بوومەلەرزە گەشتیارانی لە توركیا دوور نەخستووەتەوە
