گوتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی ڕاپەڕین ڕایگەیاند، وادەی قەدەغەکردنی ڕاوەماسی پێش خراوە و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەست پێ دەکات و تا سەرەتای ھاوین بەردەوام دەبێت. بێستوون عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی ڕاپەڕین، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “لە ھەفتەی داھاتووەوە، واتە لە ڕۆژی دووشەممە 5/3/2023ـوە بەھۆی ھاتنی وەرزی گەرادانانی ماسی و بە ئامانجی پاراستنی ئەو سامانە گرنگە، قەدەغەکردنی ڕاوەماسی لە ڕووبار و دەریاچە و سەرچاوەکانی دیکەی ئاو دەست پێ دەکات.” گوتیشی: “بە بەراورد بە ساڵانی پێشوو، وادەی قەدەغەکردنی ڕاوەماسی پێش خراوە و تا 15/6/2023 بەردەوام دەبێت و لەو ماوەیەدا مەفرەزەکانی پۆلیس چاودێریی ڕووبار و دەریاچەکان دەکەن و لە زۆر شوێنیش مەفرەزەی جێگیر دادەنێن.”