ژەهراویکردنی قوتابییانی ئێران بەردەوامە و دۆخی ئەمنیی وڵاتەکە کەوتووەتە مەترسییەوە

ئەمڕۆ دووشەممە دەزگا ئەمنییەكانی ئێران هێزێكی زۆریان لە دەوروبەری قوتابخانەكانی كچان لە تەواوی وڵاتەكە بڵاو كردەوە، ئەمەش بەهۆی بەردەوامبوونی هەڵمەتەكانی ژەهراویكردنی قوتابییانی قوتابخانەكانی كچان لە ئێران. لەمبارەیەوە سەعید مونتەزیر مەهدی گوتەبێژ بە ناوی پۆلیسی ئێران بە میدیاكانی وڵاتەكەی راگەیاند كە پۆلیس هێزی تایبەتی زیاتر لە دەوروبەری قوتابخانەكان و كەمپەكانی نیشتەجێبوونی قوتابییان جێگیر دەكات، بۆ ڕێگریكردن لە هەر هەوڵێكی تێكدەرانە. لای خۆیەوە هەر ئەمڕۆ غولام حوسێن موحسینیی ئیجی سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری لە ئێران دووپاتی كردەوە كە ئەوانەی لە تاوانی ژەهراویكردنی كچانی قوتابی تێوەگلاون، خراپەكاری لەسەر زەوی بڵاو دەكەنەوە، بەم هۆیەوە بەپێی یاسای ئێرانی، سزایان لەسێدارەدانە. ئەمەش لە كاتێكدایە كە ئیبراهیم رەئیسی سەركۆماری ئێران لە كۆبوونەوەی لەگەڵ حكوومەتدا ئاماژەی بەوە دابوو كە پیلانگێڕییەكی دوژنان لە ئارادایە، بۆ بڵاوكردنەوەی ترس و تۆقین لەنێو كچە قوتابییەكانی ئێراندا، هەروەها ئەمەی بە تاوانی دژە مرۆڤایەتی وەسف كردووە. جێی باسە لەوەتەی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردووەوە شەپۆلی ژەهراویكردنی قوتابییانی قوتابخانەكانی كچان لە چەندین شاری ئێران دەستی پێ كردووە، ئەمڕۆ دووشەممەش دواهەمین قوتابی كە لە قۆناغی یەكەمی سەرەتایی بوو لە پارێزگای كرمانشاهی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، بەهۆی ژەهراویبوونەوە گیانی لەدەست دا.