كادیرێكی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان كە لەسەر لیستی (بەرەو ئیسڵاح) لە لایەن حزبەكەیەوە بەربژێر كرابوو، بۆ ئەوەی لە جێگەی پەرلەمانتارە دەست لەكار كێشاوەكانی یەكگرتوو سوێندی یاسایی بخوات و ببێتە پەرلەمانتار، خۆی وەك سەربەخۆ دەناسێنێت.كاتژمێر 12ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 15ی 3ی 2023، كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە دەچێت كە لە یەكێك لە بڕگەكانیدا، ئەو كەسانە سوێندی یاسایی دەخۆن كە شوێنی پەرلەمانتارە دەست لەكار كێشاوەكان پڕ دەكەنەوە.بەپێی بەدواداچوونی (باسنیوز)، یەكێك لەو كەسانەی سوێندی یاسایی دەخوات، ناوی بێریڤان فەقێ ئیسماعیلە كە لە هەڵبژاردنی رابردووی پەرلەمانی كوردستاندا لە لایەن یەكگرتووی ئیسلامییەوە لەسەر لیستی (بەرەو ئیسڵاح) بەربژێر كرابوو. سەرچاوەیەكی ئاگادار بۆ (باسنیوز)ی ئاشكرا كرد كە بێریڤان فەقێ كادیری یەكگرتووی ئیسلامییە و هاوسەرەكەشی كادیری پێشكەوتووی مەڵبەندی ئاكرێی یەكگرتووە، بەڵام لەپێناو ئەوەی ببێتە پەرلەمانتار، خۆی وەك سەربەخۆ ناساندووە و وەك سەربەخۆیەكیش سوێندی یاسایی دەخوات، چونكە یەكگرتوو رازی نییە بەربژێرەكانی رابردوو بە ناوی بەربژێری یەكگرتووەوە سوێندی یاسایی بخۆن.جگە لەو بەربژێرە یەكگرتووە بەناو سەربەخۆیە، چەند بەربژێرێكی بزووتنەوەی ئیسلامیش ئەمڕۆ سوێندی یاسایی دەخۆن و دەبن بە ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، لەمبارەیەشەوە بزووتنەوە بە فەرمی پشتیوانیی خۆی بۆ سوێندخواردنەكەیان راگەیاندووە.