لە تكریت خۆپیشاندانە و كۆمەڵێك كوردیش تیایدا بەشدارن

لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سەڵاحەدین لە شاری تكریتی ناوەندی پارێزگای سەڵاحەدین خۆپیشاندانە و كۆمەڵێك فەرمانبەری كوردیش تیایدا بەشدارن. محەمەد نەجم، فەرمانبەرێكی تەندروستییە لە خورماتوو و بەشداریی لە خۆپیشاندانەكەی تكریتدا كردووە، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، نزیكەی چوار هەزار فەرمانبەری كارگێڕی و هونەری تەندروستیی سەڵاحەدین لە ساڵانی 2017 و 2018 و 2019 دامەزراون و وەك هەموو فەرمانبەرانی دیكە مانگانە مووچەكانیان وەردەگرن، بەڵام بەهۆی ئەوەی فەرمانی دامەزراندنەكەیان وەزاری نییە، بەڵكوو ئیدارییە و لە بودجەی تەندروستیی سەڵاحەدینەوە تاكوو ئێستا دەدرێت، مەترسیی بڕینی مووچەكانیان هەیە. ڕوونی كردەوە، پێشتر وەزارەتی تەندروستیی عێراق دەسەڵاتی دابوو بە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی تەندروستی لە پارێزگاكانی عێراق، كە بەگوێرەی پێویست خەڵك دابمەزرێنن و دواتر لە پارێزگاكان بەگوێرەی پێویست دەست بە دامەزراندن كرا و هی پارێزگاكانی دیكە فەرمانی وەزارییان بۆ دەر كرا، تەنیا ئەوەی پارێزگای سەڵاحەدین ماوە. گوتیشی: ”بۆیە ئەمڕۆ یەكشەممە 19ی 3ی 2023، خۆپیشاندانێكی بەرفراوان لە شاری تكریت بەڕێوە دەچێت و ئێمەش وەك كۆمەڵێك فەرمانبەری كورد لە سێكتەری تەندروستی لە شاری خورماتووەوە چووین بۆ تكریت، بۆ بەشدارییكردن لەو خۆپیشاندانە، بۆ ئەوەی پێش ئەوەی پڕۆژە یاسای بودجەی 2023ی عێراق لە پەرلەمان پەسەند بكرێت، بە بڕگەیەك دامەزراندنەكەی ئێمەیشی تێ بكرێ، چونكە ڕەنگە مووچەكەنمان ڕابگیرێت، بەهۆی ئەوەی ئەوە نزیكەی شەش ساڵە لە بودجەی تەندرستیی سەڵاحەدینەوە دەدرێت.“