سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و هاوسەرەكەی، بە فەرمی بانگهێشتی سینەماكارێكی ناوداری كورد دەكەن، بۆ بەشداریكردن لە ڕێوڕەسمی جەژنی نەورۆزی كوردەواری لە كۆشكی سپی. بەپێی زانیارییەكانی (باسنیوز)، جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا و جیل بایدنی هاوسەری، وەك كەسایەتییەكی كورد، بە فەرمی بەهمەن قوبادی، سینەماكاری ناوداری كوردیان بانگهێشت كردووە، تاوەكوو لە كۆشكی سپیی ئەمریكادا بەشداریی لە ڕێوڕەسمی جەژنی نەورۆزدا بكات. ئەو سینەماكارە بەناوبانگەی كورد، لە ڕێگەی بانگهێشتێكی فەرمییەوە لە لایەن بەرپرسانی باڵای ئەمریكا، داوای لێ كراوە كە سەردانی كۆشكی سپی بكات، بۆ ئەوەی رۆژی سێشەممە 21ی ئاداری 2023، لە ڕێوڕەسمی جەژنی نەورۆزی كوردەواریدا بەشداری بكات. بڕیارە لە ڕێوڕەسمەكەدا، چەندین بەرپرسی باڵای ئەمریكا ئامادە بن، هاوكات بەهمەن قوبادی وەك كەسایەتییەكی كورد، لەگەڵ هونەرمەندانی بەرچاوی ئێران و كۆمەڵێك لە هونەرمەندانی ناوداری ئەو وڵاتانەی كە جەژنی نەورۆزیان تێدا دەكرێت، بەشداریی ڕێوڕەسمەكە دەكەن.