هێزێكی ئەمنی دەستگیركردنی ئەنجامدەرانی هێرشەكەی دوێنێ شەوی جندرێسی راگەیاند

ئەمشەو گوتەبێژێك بە ناوی هێزەكانی بزوتنەوەی (تەحریر و بینا) سەر بە سوپای نیشتمانیی سووریا لە راگەیەندراوێكی تەلەڤزیۆنیدا، دەستگیركردنی ئەنجامدەرانی هێرشەكەی دوێنێ شەوی جندرێسی راگەیاند، كە تیایدا چوار هاووڵاتیی كورد شەهید كران. گوتەبێژە ئەمنییەكە، دەستگیركردنی سێ كەس لە ئەنجامدەرانی هێرشە خوێناوییەكەی دوێنێ شەوی جندرێسی دەرهەق بە هاووڵاتییانی كوردی ڕاگەیاند و دان پێدانانیانی بڵاو كردەوە. تۆمەتبارە دەستگیركراوەكان ناویان حەبیب عەلی خەلەف، بیلال ئەحمەد عەبوود و عومەر ساڵحە و لە گرتە ڤیدیۆییەكەدا، دانیان بە ئەنجامدانی تاوانەكەدا ناوە. ئێوارەی دوێنێ دووشەممە، لە شارۆچکەی جندرێسی رۆژئاوای کوردستان لەلایەن گرووپی ئەحرار شەرقییەوە، هێرشێکی چەکداری کرایە سەر ژمارەیەک هاووڵاتیی كورد کە ئاگری نەورۆزیان کردبووەوە و بەهۆیەوە چوار هاووڵاتی کورد شەهید كران، چەند هاووڵاتییەکی دیکەی کوردیش لەو هێرشە چەکدارییەدا بریندار کران. لەمبارەیەوە ئەمڕۆ سێشەممە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاو کردەوە، كە تێیدا هاتبوو “ئێوارەی دوێنێ لە شارۆچکەی جندرێسی سەر بە شاری عەفرین، لە لایەن چەند کەسێکەوە، هێرش کرایە سەر ئاهەنگگێڕان و ئاگرهەڵکردن بە بۆنەی جەژنی نەورۆزەوە، لە ئەنجامدا بە داخێکی زۆرەوە، چوار هاووڵاتی کورد شەهید کران.” سەرۆكی حكوومەت هەروەها رای گەیاندووە: “بە توندترین شێوە، ئەم تاوانە سەرکۆنە دەکەین و داوا لە بەرپرسانی ناوچەکە دەکەین، لێپرسینەوەی پێویست بکەن و ئەنجامدەرانی تاوانەکە، بە سزای یاسایی خۆیان بگەیەنن.”